كۆماری سڕبیا پابەندە بە پتەوكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان

كۆماری سڕبیا پابەندە بە پتەوكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان
13 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندیە دووقۆَڵیەكانی نێوان هەردوولا، بەرێز ڕادیساڤ پێترۆڤیك باڵیۆزی كۆماری سڕبیا لە عێراق و شاندی یاوەری سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی كرد لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لێكرا.

لە كۆبوونەوەكەدا، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پوختەیەكی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ئاستی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ دونیای دەرەوە خستەڕوو.

باڵیۆزی كۆماری سڕبیا لە عێراق ستایشی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی كرد لە بوارەكانی سیاسی و ئابوری و گەشەپێدان و ئاسایش و سەقامگیری، بەڕێزیان گووتی \"كۆماری سڕبیا گرنگی تەواو بە هەرێمی كوردستان دەدات، بۆیە بە نیازە لەم نزیكانە وەك هەنگاوی یەكەم كونسوڵگەری فەخری خۆی لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكات\"".

هاوكات ئاماژەی بە گرنگی پێگەی هەرێمی كوردستان لە بواری وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە كرد كە دەتوانرێت ببێتە دەروازەیەك بۆ گشت بەشەكانی تری عێراق. بۆ ئەو مەبەستە، كۆمپانیا سڕبیەكان دەتوانن دەستێكی باڵایان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و هەرێم هەبێت بە تایبەتی لەبوارەكانی كشتوكاڵ و دەرمان و گەشت وگوزار.

دابینكردنی كورسی خوێندن بۆ قوتابیانی كورد لە كۆماری سڕبیا و پەیوەندیە سیاسیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و ناوەند و ووڵاتانی دراوسێ‌ تەوەرەیەكی تری كۆبوونەوەكە بوو.

لە كۆتایدا، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت دەستخۆشی لەم هەنگاوەی كۆماری سڕبیا كردو ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگیەك نیشاندا بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری سڕبیا.
"
Top