شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكا
مەهدی حاجی بە(رووداو)ی راگەیاند \"دووسبەی شاندێكی سیاسی و سەربازی و نەوتی كە پێشبینی دەكرێ هەریەك لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فازیل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتیی بكەن سەردانی بەغدا بكات\"".
حاجی گوتی، هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ ناوەند بەگفتوگۆ و ئەو شاندەی سەردانی بەغدا دەكا بۆ گفتوگۆكردن و چارەسەری كێشەكان، ئاماژەی كرد كە شاندەكە بەسەرۆكایەتیی بەرهەم ساڵح و میرانی دەبێ هەروەها چەند شارەزایەكی سەربازی لە وەزارەتەكانی نەوت و پێشمەرگە یاوەری شاندەكە دەبن.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئاشكراشی كرد كە یەكەم كاری ئەو شاندە لە بەغدا چارەسەركردنی فایلی تەناهی لە ناوچە جێناكۆكەكان و هێڵی تەماسی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقە، لەگەڵ باسكردنی پرسی خەرجكردنی كرێی كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بەتایبەت پاش راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.
هەفتەی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتی خۆی بۆ دەرەوە راگرت، لە كاتێكدا كە بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردوو لا دەبێ حكوومەتی هەرێمی رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بكا، حكوومەتی هەرێمیش بەغدا بەخۆدزینەوە لە خەرجكردنی كرێی كۆمپانیا بیانییەكان تۆمەتبار دەكا."
