ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەروونیی لە زیندانەكانی عیراق هەر بەردەوامە!

ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەروونیی لە زیندانەكانی عیراق هەر بەردەوامە!
بەر لە چەند ساڵێك هاوڕێی نووسەرو شاعیر ئیبراهیم ئەلحەریری وتارێكی دەربارەی ئەشكەنجەدانی پەیڕەوكراو لە زیندانەكانی عیراق نووسی، كە زۆر بە توندی ئەم كارەی مەحكوم و پرۆتستۆ كردبوو،ئەمەش دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر بەسەرئەو ئەشكەنجەدانە تاوانكارییەی هێزەكانی ئەمریكا لە گرتووخانەكەی ئەبوغرێبدا ئەنجامیان دابوو،هەروەها دوای ماوەیەكی كەم لە گەیشتنی مالكی بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران،ئەوكاتە منیش چەندین وتارم بڵاوكردەوەو ئەم دۆخە تۆقێنەرەم ریسواكرد و پشتیوانیم لە پێكهێنانی لیژنەیەك كرد بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە،بەڵام بەداخەوە ئەمە سەری نەگرت،دواتر هەر بەردەوام بووم لە سەر درێژەدان بە نووسینی ئەم جۆرە وتارانە،سەرسامی خۆم خستەڕوو كە چۆن ئەو فەرمانڕەوایانە ئەم حاڵەتە قبوڵ دەكەن لە كاتێكدا خۆیان پێشتر ئەم كارەیان پرۆتستۆ دەكرد یان خۆیان لەلایەن رژێمی دیكتاتۆری بەعسەوە ئەشكەنجە دەدران،وەكو دكتۆر حوسێن شەهرستانی،من لەسەردەمی ژیانی سیاسیمدا بۆ ماوەیەكی زۆر لە سەردەمی پاشایەتی لە نێوان1955-1958 لە لێكۆڵینەوەی تاوان و بەندیخانەی بەغداو بەعقوبە تامی تاڵی ئەشكەنجەدانم چەشتووە،جارێكیش لە كاتی دەستگیركردنم لەساڵی 1978 بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دیكتاتۆری رژێمی پێشوو، لەوێدا زانیم چۆن ئابڕوومەندیی مرۆڤ بەو ئەشكەنجەدانە دەروونی و جەستەییە تێكدەشكێت،هەزارانی وەكو منیش لە بەندكراوو زیندانیكراوان رووبەڕووی ئەم جۆرە ئەشكەنجەیە بوونەتەوە، بۆیە من بە شێوەیەك رقم لەهەر رژێمێكی سیاسییە كە پەنا بۆ ئەشكەنجەدان دەبات بەرامبەر بەوانەی راوبۆچوونیان جیاوازبێت،هەرچەندە ئێمە دەربارەی ئەشكەنجەدانی ناو زیندانەكان دەنووسین، كەچی سەرۆك وەزیرانی عیراق نوری مالكی دەڵێت:درێژدادڕیی تێدایە و بەم شێوەیە نییە،واتا ئەمە هەیە، بەڵام بەمەرجێ قسەی زۆر لەسەر گەورە نەكرێت. لەلایەكی دیكەوە دادوەر مونیر حەداد لێدوانێكی داوە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەشكەنجەدان لە زیندانەكانی عیراقدا بوونی هەیەو لەوەی سەردەمی رژێمی پێشوو زیاترە، هەرئەو دادوەرە بوو كە سەدامی لەسێدارەدا،لە نزیكەوە بە هەموو رەفتارەكانی دامو دەزگا داپلۆسێنەرەكانی بەعس ئاشنابوو كە ئەشكەنجەدانیان لە ناو تاریكایی زیندانەكاندا پەیڕەودەكرد.
تا ئێستا قسە لەسەرشەهیدكردنی چەندین كەسایەتیی ناسراوی نیشتمانی و شیوعی وەكو سەلام عادل و محەمەد سالح عەبلی و جەمال حەیدەری و سەدان بەڵكو هەزاران خەباتگێری دیكە هەیە كە بەرەوڕووی مردن و لەسێدارەدان بوونەوە هەر لەبەر ئەوەی بڕوایان بە بیروباوەڕەكانیان قایم و پتەو بوو .بگرە هەزارانی دیكەش لە پیاوو ژنان بە هۆی بیروباوەڕی سیاسییەوە گیانیان لەدەست دا بە دەستی تاوانبارو ئەشكەنجەدەرانی رژێمی لەناوچووی بەعس و دەزگا داپلۆسێنەرانی ئەمن و موخابەراتی و هێزی تایبەتی رژێم.ئەمە وێرای ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆری ئەو هاووڵاتییانەش بە ماددەی كیمیاوی و تیزاب لەناوبران،رژێمی لە ناوچووی پێشوو بە دەیان جۆر هۆیەكانی ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەروونی بەكار دەهێنا كە زۆر نزیك بوو لە شێوازی ئەو ئەشكەنجەدانەی دەوڵەتانی ستەمكاری ئەوروپی و سەردەمی هیتلەر لە سەدەی ناوەڕاستدا پەیڕەویان دەكرد،وەكو هەڵواسین بە پانكەو داخكردنی جەستەو رژاندنی ئاوی گەرم بەسەریاندا و لێدانی كارەباو فەلاقەكردن و زۆر شتی دیكە،كە مرۆڤ دووچاری هەرەسهێنانی دەروونی دەبێت،ئەمەیە شێوازەكانی ئەشكەنجەدانی دامودەزگاكانی رژێمی لەناوچوو،بۆیە دكتۆر حوسێن شەهرستانی كە ئێستا بە چاوی خۆی ئەشكەنجەدانی عیراقییەكان دەبینێت، دەتوانێت باس لە شێوازەكانی دیكە بكات.
هەرلەبەر ئەوەیە كە دادوەر مونیر حەداد جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەو ئەشكەنجەو ئازارەی ئەمڕۆ لە زیندان و گرتووخانەكانی عیراقدا پیادە دەكرێت زۆر توندترە لە هی سەردەمی سەدام،كە زۆربەی ئەو گیراوانەش بێ تاوانن،رەنگە ئەم ئەزموونە تازەیەی ئەشكەنجەو ئازاری نێو بەندیخانەكانی عیراقی تازە كاریگەریی وڵاتێكی دراوسێی بەسەرەوە بێت،كە خۆیشی شارەزایی تەواوی لەم جۆرە مامەڵە نامرۆییە هەیە،دەتوانم لێرەدا دەستگیركردنی دوو خەباتگێڕ بە نموونە بهێنمەوە كە بۆ پتر لە پێنج ساڵ لە بەندیخانەكانی دەوڵەتێكی دراوسێ زیندانیكرابوون،لەوێش دووچاری سەخترین ئەشكەنجەو ئازار بووبوونەوە، بەڵام دواتر سەربەرزانە هاتنەدەرەوە.
با گوێ بگرین لە ناوەرۆكی ئەو راپۆرتە رۆژنامەنووسییە كە رۆژنامەی (الحیاة)ی لەندەنی لە 19/3/2013 بە پێنووسی پەیامنێرعودەی حاتەم لە بەغدا بڵاوی كردۆتەوە سەبارەت بە دیدارێكی لەگەڵ دادوەر مونیر حەداد :
«جێگری سەرۆكی دادگای تەمیز لە عیراق دادوەر مونیر حەداد، هۆشداریی دایە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دادوەر مەدحەت ئەلمەحمود لە ((نەگرتنەبەری رێكاری پەرچەكردار بۆ راگرتنی ئەو تاوانانەی لە بەندیخانەكانی عیراق پیادە دەكرێن)) ئەمەیشی بە (تاوان دژ بە مرۆڤایەتی لە قەڵەم دا،كە یاسای نێو دەوڵەتی سزای بۆ داناوە)، هەروەها حەداد كە ئەندامێكی دادگای تاوان بوو و سەرۆكی پێشووی رژێمی دادگایی كرد زیاتر گوتی:عەرەبی سوننە رووبەڕووی ستەمێك دەبنەوە زیاتر لەوەی كە شیعە لە سەردەمی رژێمی پێشوو دووچاری دەبوونەوە، ئەو لە درێژەی لێدوانەكانیدا بۆ (الحیاة) ئاماژەی بەوەكرد كە((زیندانییەكان رووبەڕووی سەختترین جۆری ئەشكەنجەو ئازارو كوشتن دەبنەوە و روونیشی كردەوە كە خۆی شایەدحاڵە لەسەر ئەو تاوانانە و چەندین بەڵگەو زانیاریشی لەبەردەستدایە كە بۆ نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عیراقی ناردووە،خۆیشی لێكۆڵینەوەی تێداكردوون)هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەندێ لە ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ كە لە دەزگاكانی ئەمنی سەدام بەرپرس بوون دەستیان داوەتە ئەشكەنجەدانی عەرەبی سوننە هەروەكو لەسەردەمی رژێمی پێشوو عەرەبی شیعەیان ئەشكەنجە دەدا، ئەو ئەفسەرانە تەشقەڵە بە زیندانیان دەكەن و ناچاریان دەكەن دان بە تاوانەكانیاندا بنێن كە لەراستیدا ئەنجامیان نەداون ئەویش بە هەڕەشە لێكردنیان كە دەستدرێژی دەكەنە سەر نامووسیان لە پێش چاوی خۆیان.
دادوەر مونیر حەداد زیاتر روونی كردەوە كە دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی لەمە ئاگادار كردۆتەوە و خۆیشی لێكۆڵینەوەی تێدا كردووە، بەڵام ئەو پێی نەگوتین ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەو وەڵامی مالكی لەسەر ئەرزی واقع چی بووە،بەڵام دووپاتی دەكاتەوە كە ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەروونی دژی زیندانیان لەجاران توندتر بووە،ئەوەشی باسكرد كە زۆرینەی بەندكراوان لە عەرەبی سوننەن كە رووبەڕووی ستەمێكی گەورەوئەشكەنجەدانێكی سەخت دەبنەوە.
بێزاری و رەخنەشمان بەتەنیا بەس نین بۆ مەحكومكردنی سیستەمی پشكایەتیی تایفەگەری، چونكە بەرپرسیارانی تایفەخواز گوێیان داخستووە، بۆیە لێرەدا پێویستە بەرپرسی یەكەمی ئەم تاوانە دەست نیشان بكەین و ریسوای بكەین،ئەوانیش بریتین لە سەرۆكی وەزیران و سەرۆك پەرلەمان وسەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەك لە دادوەران،چونكە ئەوانە بەتەواوی دەزانن چی لە ناو بەندیخانەو زیندانەكانی عیراق دەگوزەرێت و هیچ هەڵوێستێكی بەرپرسیار وەرناگرن كە پێویستە بۆ رێگەگرتن لەو رەفتارو تاوانانە لە جووڵەدابن بە مەبەستی ئازادكردنی بێ تاوانان. ئەمە بانگەوازێكە بۆ هەموو هێزێكی خێرخواز لەم وڵاتەدا،كە دەنگیان بەرزبكەنەوە و تاوانبارانی ئەم رەفتارانە بدەنە دادگا، چونكە ئەمە سەرپێچی كردنەو پێشێل كردنی دەستووری عیراق و بەڵگەنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و نەریت و بەها نێودەوڵەتییەكانە لە بواری مافەكانی مرۆڤدا.
Top