لەوەتەی لە ھەولێر دوورم کەرەنتینم

لەوەتەی لە ھەولێر دوورم کەرەنتینم
من لەمێژە کەرەنتینم، ماوەیەکی زۆرە لە ژوورەوە، دەنووسم و ھەر لەو ژوورەش دەژیم، لەو کەشەی تێدا دەژیم بە خەیاڵ چاپیان دەکەم و چاپکراەوکانم دەگەنەوە دەستم و بۆنی حوبر و ماندووبوونی چاپ ھاوشانی ئەرکەکانی خۆم دەبینمەوە، کەرەنتینەم، بەڵام بۆ نووسین، نەخۆشی وەرگێڕان و نووسینم گرتووە و دەرمانی نییە، چارەسەری نییە، بەردەوام و لەوەتەی لە ھەولێر دوورم کەرەنتینم، دەچمە ناو دارستانەکان و سەیری قەدی داران دەکەم، دەبینم چۆن دڵۆپ دڵۆپ باران لق و گەڵاکان ماچ دەکات، ئەدی جریوەی باڵندەکان، ھەر کەرەنتینم سەفەریش دەکەم، بڕوا بکەن لەسەر کەنارەکان پیاسەم کردووە، سەدان ژنی زراڤ و بەژنی پەنیرم دیوە، شەوانە دەبینم، چۆن دەریا ماندووە و خەوتووە من ھەر کەرەنتین بووم.
لەگەڵ کەرەنتین راھاتووم، دەخەوم و ھەڵدەستمەوە، لەگەڵ ھاوسەر و ھاوژین و ژنەکەم "ھەموویان یەک کەسە" دەڕۆم، لە بازنەی کەرەنتینەی ئەویشەوە دەڕوانم و دەنووسم، بەیەکەوە چەکەچەکی لاپتۆپەکەم و چەنگاڵ و نازی ئەو و تێبینییەکانی لەسەر تام و چێژ و ناوی خواردنەکە و ھەر کەرەنتینم. کەرەنتینێکی پیرم، لەمێژە وا دەژیم، بەڵام ئەو ناوەم نەدەزانی ئەوەم نەبیستبوو، کەرەنتن باشترین و تەندروست ترین دۆخە، بۆ ژیان و بەرھەم و جوانیش، کەرەنتینم بکە و نازم بدەرێ، کەرەنتینم بکە و بوارم بدە بنووسم، ئازادم بکە و پاسپۆرتێکی سووری سویدیم لە باخەڵ دابنێ و دەڕۆم.
لەوەتی ھەموو خەڵکەکە کەرەنتین کراون، رەش و سپییەکان، برسی و هەژارەکان، گەورە دبلۆمات و پەرستارێکی ناو کلینکێکی تەندروستی، هەموومان و ئێوەش بەندەن، نازانن و ناتوانن سوودی لی وەربگرن!
من دەزانم و دەیناسم، من ژووری گەورە و پەنجەرەی بچووکم بە وڵات و کتێبخانە و دیوەخان دیوە، لەوەتەی کەرەنتینم بیرەوەرییەکانی ماندێلا، وەک گەورەترین و مەزنترین کەرەنتینکراوی مێژووم کردووە بە کوردی. لە رۆژانەی کرانتینکردنم ئیشی زۆرم کردووە، بەو ئیشانە، بەو بەرهەمانە، کەرەنتینم لەبیرم خۆم بردیتەوە.
لەو دۆخە، کەرەنتینە منی دەبردەوە دەرەوە، تا کەمێک گەمە بە قاچەکانم بکەم و ھەناسەیەک ھەڵمژم و سەیری گوڵ بکەم، گوێ لەخشەی میروولەش بگرم، بەدیار شارە میرووستان بوەستم و سەیریان دەکەم لە کەرەنتینە دەربازیان بووە و دەڕۆن بەڵام ددان و دەمیان گەورەترن لە جەستەیان خۆیان دانەوێڵەیان ھێناوەتەوە. کەرەنتینم بکەن با سوودی لێ وەربگرم و نەکەومە ناو قسە و ئاخاوتنی بێ سوود و ھەڵبەستنی پروپاگەندە و درۆکردن بە سیاسییەکانی وڵات، چەواشەکردنی میللەتیش.
من سەیری ئەو خەڵکەم دکرد و بەزەییم پییان دەھاتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی سەر لێشێواو و خۆیان بەبێکەس و بێ سیستەم دەزانی. وایاندەزانی پشتیوانییان نییە کەسیان نییە، زیندانی کراون، ئەوانەی لەودەمانە کەرەنتین باسی زیندان و گرتن و بێزارییەکان دەکەن، خۆیان بێزارن بچنە سەر ئیڤڵیش پاریس نابینن، خۆیان دەست و قاچیان گیراوە، بەر لە کەرەنتین ماڵیان بە زیندان زانیوە و دەرەوەشیان بە زیندانێکی بچووکتر، کۆڕۆنا و نەخۆشی و پەتاکە، دژوار و ترسناکە، بەڵام ھەزارەھا بوختان و شرۆڤەی سیاسی بۆ کراوە، گومڕا و سەگبابە زاڵمەکەی پیری بەستەزمانی تۆقاند، نەخۆشەکانی زۆرتر ترساند، بووە بە ئیسلامی توندڕەو، کردیان بە شیوعی بوون بە باڵەخانەیەکی ترامپی ئەمریکا، گوتیان چین دروستیکردووە، چینیش گوتی بۆیان ناردوین. ئیتر بەزمی کۆرۆناکە گەورەترە لە کەرەنتینکردن و مردن و نەخۆشی و کەساسی ئابووری.

ئەو گومڕایە، گوتیان ناتوانێت بچێتە یەمەن و نازانن لەوێ چ دەگوزەرێت، گوتیان شیعەیە و دەیەوێ ھەموو عومەر و عوسمانەکانی سونە لەناوبەرێت، گوتیان ئەمریکا تووڕەیە لە سوید چۆن قوتابخانە سەرەتاییەکان، کارکەگانی دانەخستووە، ژنانیش گوتیان پیاوەکان ھەراسانیان کردین، ژنان مردن ھەندی لەناو مەتبەخەکان بەدیار یوتوپ و ناندین و فیلمی کابانەکان سەرگەردان بن و ناتوانن وەک ئەوان خواردن بکەن و لاساییان بکەنەوە.
ئیتر نوکتە زۆر بوو، درۆ زۆر کرا، نەخۆشەکان نەخۆشتر بوون، پیرەکان مردن گەنجەکان پیربوون، فڕۆکە نەما و لە ئاسمان باڵندەکان زۆرتر دەسووڕانەوە. کەرەنتینی من جیاواز بووە، چەند کاری باشم کردووە و دەکەم، چونکە دیار نییە کەی و چۆن تەواو دەبێت یان سەرهەڵدەداتەوە. هەمووتان سەلامەت و کەرەنتینەی ئاسوودە.







* نووسەر و وەرگێڕه
Top