بەرهەم ساڵح و مشتومڕی هەڵاتن و مانەوە

بەرهەم ساڵح و مشتومڕی هەڵاتن و مانەوە
دوای توندبوونی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی تری عێراق و لێکەوتنەوەی توندوتیژی و کوژران و بریندار بوون و گرتنی خەڵک، لە چەندین سایت و لەسەر زاری زۆرێک لە رۆژنامەنووسان دەنگۆی هەڵاتنی بەرهەم ساڵح و گەڕانەوەی بۆ سلێمانی بڵاو بووەوە، پەیج و سایتەکانی بەرهەم ساڵح و هاوژین عومەری راوێژکاری بە درنگ وەختی کەوتنە وەڵامدانەوەی ئەو سایت و رۆژنامەنووسانە و رەتکردنەوەی هەڵاتنی بەرهەم ساڵح، لێرەدا ئەو پرسیارە درووست دەبێ، ئایا بەڕاستی بەرهەم ساڵح هەڵاتووە؟!
ئەگەر بەرهەم ساڵح هەڵنەهاتبێ و لە بەغدا مابێتەوە، دیارە ئەو سایت و رۆژنامەنووسانە بوختانی بۆ هەڵدەبەستن، ئەوەش کارێکی ناڕەوایە، خۆ ئەگەر هەڵاتبێ ئەو بەرگریەی سایتەکانی و هاوژین عومەری راوێژکاری دەچێتە خانەی درۆ و چەواشەکاری و بە درۆ و چەواشەکاریش ئەو عەیبە گەورەی هەڵاتنی ناشاردرێتەوە، هەر وەک چۆن عەیبە گەورەکەی گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی لە پێناو وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری و جێهێشتنی هاودیدەکانی نەشاردرایەوە.
جا ئەگەر بەرهەم ساڵح هەڵنەهاتبێ پێویست بوو لە بەغداوە لێدوان بدات، بەوەش هەم بوختانی سایت و رۆژنامەنووسەکانی بە درۆ دەخستنەوە، هەمیش ئەو عیبە گەورەیەی لەسەر خۆی لادەبرد و پەیج و سایتەکانی خۆی و هاوژین عومەری راوێژکاریشی لەو مشتومڕە سەربەرز دەردێنان، بەڵام بە پێی بێدەنگی دیارە هەڵاتووە، کاتی خۆشی کە هاودیدەکانی جێهێشتن و گەڕایەوە ناو یەکێتی، بۆ ماوەیەک و تا سەودا و مامەڵەکەی تەواو کرد هەمان سیاسەتی بێدەنگی هەڵبژارد و بە دێتەوە و نایەتەوە هاودیدەکانی فریودان و، لە دواییشدا خۆی گوتی هاتمەوە، ئەم هەڵاتن و هەڵنەهاتنەشی هەر وا دەبێ و لە کۆتاییدا دەردەچێ کە هەڵاتووە.
Top