حەشدی شەعبی حكوومەتی عێراقی ناچار كرد بەڕێوەبەری كەناڵی فەرمی بگۆڕێت
بە پێی نووسراوێكی فەرمی كە ئیمزای سەرۆكی تۆڕی میدیای عێراقی لەسەرە، بەڕێوەبەری كەناڵی فەرمیی ئەلعێراقیە لە پۆستەكەی لادرا و كەسێكی تر لە شوێنەكەی دامەزرێندرا، ئەمەش تەنها لەسەر راپۆرتێكی كەناڵەكە، كە هەندێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نیگەران كردبوو.
نەبیل جاسم سەرۆكی تۆڕی میدیای عێراق بە نووسراوێكی فەرمی حەیدەر حەسەن بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كەناڵی ئەلعێراقیەی گشتی لەسەر كارەكەی لادا، لە شوێنی ئەودا كەسێكی بە ناوی عەباس حەمزە دامەزراندووە.
ئەمەش لە كاتێكدایە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لە ڕێگەی میدیاكانەوە هەڵمەتێكی گەورەی دەستپێكردووە تا خۆی لە وێنەی سەركردەیەكی بەهێزی عێراق دەربخات، كەچی لە راستیدا نەیتوانیوە خۆی لەژێر هەژموونی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەربێنێ و رۆژانەش لەلایەن میلیشیاكانەوە لە ناوەڕاستی بەغدا سووكایەتی بە سەرۆك وەزیران و دەسەڵاتەكانی دەكرێت.
باسنيوز
