هاوپەیمانی فەتح لەبارەی ئەگەری مانەوەی عەبدولمەهدی رونکردنەوە دەدات

هاوپەیمانی فەتح لەبارەی ئەگەری مانەوەی عەبدولمەهدی رونکردنەوە دەدات
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، دەنگۆی رێککەوتنیان لەگەڵ هاوپەیمانی سائیرون بۆ متمانە بەخشین بە مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی دورە لە راستیەوە و ئەوان لە هەوڵی دیاریکردنی کەسایەتییەکدان کە رەزامەندی هەمو لایەنەکانی لەسەر بێت.



دەنگۆی رێککەوتنی هەردو هاوپەیمانی سائیرون و فەتح بۆ دوبارە متمانە بەخشینەوە بە عادل عەبدولمەهدی هیچ بنەمایەکی راستی نیە



ئەو سەرچاوەیە بە سۆمەریەنیوزی راگەیاندوە، "دەنگۆی رێککەوتنی هەردو هاوپەیمانی سائیرون و فەتح بۆ دوبارە متمانە بەخشینەوە بە عادل عەبدولمەهدی هیچ بنەمایەکی راستی نیە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوان لە ئیستادا لەگەڵ کوتلەکانی دیکە لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدی بکرێت کە رەزامەندی شەقام و لاینەکانی لەسەر بێت.

دوای دو مانگ لە خۆپیشاندان ئێوارەی 29ی تشرینی دوەمی ساڵی رابردو عادل عەبدولمەهدی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی حکومەت راگەیاندو رۆژی 1ی كانونی دوەم پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرد، بەڵام تا ئێستاش خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەکاندا ماونەتەوە و داوا دەکەن حکومەتێکی بچوکراوەی نیشتیمانی دور لە کەسانی حزبی پێکبهێنرێت و پرۆسەی لێپرسینەوە خێراتر بکرێت.





خەندان
Top