خۆپیشاندەران ناوی کاندیدانی سەرۆکایەتیی حکوومەت دەدەنە سەرکۆمار

خۆپیشاندەران ناوی کاندیدانی سەرۆکایەتیی حکوومەت دەدەنە سەرکۆمار
خۆپیشاندەرانی عێراق ناوی کاندیدانی سەرۆکایەتیی حکوومەتی وڵاتەکەیان، دەدەنە سەرکۆمار.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێ سەرۆکۆماری عێراق ”لە رۆژانی داهاتوودا“ ناوی کاندیدی سەرۆکایەتیی حکوومەت رادەگەیەنێت و رایدەسپێرێت.

خۆپیشاندەران لەڕێی نوێنەرەکانیانەوە، ناوی کاندیدانی سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراقیان داوەتە سەرکۆمار و ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی عێراق ناوی بەشێکیانی ئاشکرا کردووە، کە بریتین لە؛

- محەمەد شیاع سوودانی

- ئەسعەد عیدانی

- مستەفا کازمی

- دادوەر رائید جوحی

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.














باسنيوز
Top