زیاتر لە 170 پەرلەمانتار مەرجەکانی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دیاری دەکەن
ئەو پەرلەمانتارانە، داوا لەسەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن رەزامەندیی لەسەر مەرجەکانیان بدات و بینێرێت بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن.
173 پەرلەمانتار، واژۆیان لەسەر داواکارییەکە کردووە و مەرجەکانیان دیاری کردووە، کە بریتین لە؛
- کەسایەتییەکی نیشتمانیی سەربەخۆ بێت
- تەنی رەگەزنامەی عێراقی هەبێت
- لە 2003ـەوە هیچ پلە و پۆستێکی لە عێراقدا وەرنەگرتبێت
- رەزامەندیی خۆپیشاندەرانی لەسەر بێت.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز
