حەیدەرعەبادی ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵبژاردن دەدات
لەو بارەوە تارق حەرب، شارەزای دەستووریی و یاسایی بە كوردستان24 راگەیاند: "تەماشای ھەر لایەنێكی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بكەین ھەڵەی تێدایە، ھەم لە خوێندنەوەكانی سەرۆك پەرلەمان ھەمیش لە ژمارەی پەرلەمانتارانی ئامادەبووی كۆبوونەوەكە، ھەروەھا دەستوور پێشێل كراوە، دادگای فیدڕاڵی دەتوانێت ھەموو یاساكان بەتاڵ بكاتەوە و بە یاسای پەرلەمانیشەوە".
لە یەكەم كاردانەوەشدا فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سكاڵای یاسایی دژی بڕیارەكانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری تۆماركرد، كە بۆ ھەژماركردنەوەی دەنگەكانی ھەڵبژاردن پەسندیان كردوون، گرنگترینیان پوچەڵكردنەوەی دەنگی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكانە، پەرلەمانتارێكی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكات كە عەبادی ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵبژاردنی عێراق دەدات.
رێبوار تەھا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: "سكاڵامان لەسەر بێبەشكردنی پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆی كوردستان تۆماركردووە، دوای ئەوەی كە بهویست و رەزامەندی خۆیان بەشدارییان لە ھەڵبژاردن كردووە، ئێستا پەرلەمانی عێراقی ھاتووە دەنگەكانیان پوچەڵ دەكاتەوە واتا بێبەشكردنیانە لە ھەڵبژاردن".
گوتیشی: "خودی عەبادی دەیەوێت ویلایەتی دووەمی حكوومەت وەربگرێتەوە، ھەرچەندە چانسی كەمترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كار بۆ ئەوە دەكات كە دۆخەكە بەرەوە ئەوە بەرێت حكوومەتی رزگاری دروست بكات، بۆ ئەوەی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە و ئەنجامەكان بەو ئاراستەیە دەبات كە ھەڵبژاردن ھەڵبوەشێنێتەوە".
K24
