راویژکاری سەرۆک کۆمار: عەبادی داوایەکی مەعسومی رەت کردەوە
د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راویژکاری فوئاد مەعسومی سەرۆک کۆماری عێراق راگەیاند، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەر رۆژەی مەرجێک بۆ کوردستان زیاد دەکات و ”تووشی غروری سیاسی بووە“.
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی پێشبینی کرد ”هەفتەیەکی دیکە“ حەیدەر عەبادی وەڵامی داواکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو خۆی ”گەشبین نییە“ بە وەڵامی عەبادی.
رۆژی دووشەممە 6/11/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە ئەگەر عێراق %17ـی بودجەی گشتیی عێراق بۆ کوردستان و مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، ئەوا کوردستان دۆسیەی نەوتیی خۆی رادەستی عێراق دەکات.
عەلیاوەیی ئاماژەی بەوەش دا، کە فوئاد مەعسوم داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد ئامادەیی بۆدانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کوردستان دەرببڕێت، بەڵام عەبادی ”گوێ بە کەس نادات و تەقەی سەری دێت“.
باسنیوز
