گرووپێکی ناو حەشدی شەعبی: شانازی بە دوژمنایەتیکردنی ئەمریکاوە دەکەین
جەعفەر حوسەینی، گوتەبێژی سەربازی کەتیبەکانی حزبولڵای عێراق، کە گرووپێکی ناو میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە، ئێران پاڵپشتیان دەکات، لە دیدارێکی تایبەتی لە کەناڵی (مەیادین)ی سەر بە حزبولڵای لوبنانی، راگەیاندووە: "ھەر چەندە ئەمریکا پێشنیازی بۆ حکوومەتی عێراق کردووە تا مەشق و راھێنان بە سوپای عێراق بکات، بەڵام ئەو پێشنیازە لەلایەن گرووپە بەرگریکارەکانەوە رەتدەکرێتەوە، رێگە نادەین لەژێر ھیچ ناوێکدا ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوەو داوا دەکەین لە عێراق بچنە دەرەوە".
گوتەبێژی سەربازی کەتیبەکانی حزبولڵای عێراق، ئەوەشی خستووتەڕوو، کە ئەو بارودۆخەی ئێستا عێراقی تێدایە، ھۆکارەکەی بوونی ئەمرکییەکانە، بۆیە ریگە نادەن ئەزموونەکانی ئەمریکا دووبارە ببێتەوە، حکومەتی عێراق توانای سەربازی و ئابووری وەھای لە بەردەستدایە کاری بە راوێژکاریی ئەمریکییەکان نەبێت.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە رزگارکردنی شارۆچکەی قائیم، دەستکەوتێکی گەورەیە و بوونی حەشدی شەعبی لە سنوورەکانی عێراق و سووریا، پڕۆژەی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی عێراق شکست پێدەھێنێت.
حوسەینی، گوتیشی: "ئەمریکا ساڵی 2010 حزبولڵای عێراقی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە و ھێشتا وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام ئێمە شانازی دەکەین کە دوژمنی ئەمریکابین".
باسنيوز
