فەرماندەیەکی سوپای عێراق رزگارکردنەوەی تەواوەتیی تەلەعفەر رادەگەیەنێت
رۆژی یەکشەممە 27/8/2017، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ”تەنیا شارەدێی عەیازییە و گوندەکانی دەوروبەری“ هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماون.
فەریق روکن عەبجدولئەمیر رەشید یاروڵڵا هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەمڕۆ بە رزگارکردنەوەی گەڕەکەکانی پیشەسازیی باکوور، عەسکەری، ناوچەی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل، دەروازەی تەلەعفەر و گوندی رەحمە، تەواوی تەلەعفەر لە داعش رزگار کرایەوە.
هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە شانەی راگەیاندنی جەنگیی عێراقی نەخشەی تەلەعفەری بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە تەلەعفەر %100 رزگار کراوەتەوە.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
