بەغدا؛ وەزیرانی بەرگریی كەنەداو عیراق شەڕی داعش تاوتوێ دەكەن
وەزارەتی بەرگری عیراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: خالید عوبێدی وەزیری بەرگری لەبارەگای وەزارەت پێشوازی لە وەفدێكی باڵای كەنەدا بە سەرۆكایەتی هارجیت سینگ سجان وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە كردوەو پێكەوە ڕەوشی ئاسایشی عیراق و شەڕی داعشیان تاوتوێ كردوە.
لەبەیاننامەكەدا كە وێنەیەكی نێردراوە هاتووە: هەردو وەزیری بەرگری عیراقو كەنەدا لەكۆبونەوەكەدا باسیان لە هەماهەنگی و هاوكاری سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكان كردووە لە بواری ئەندازەو ڕاهێنانی سەربازی و پاڵپشتی حكومەت لەبواری گەشەسەندنی هێزە ئەمنییەكان دوای ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش.
كەنەدا ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەو پێشتریش لە ڕێگەی ڕەوانەكردنی چەكو تەقەمەنیەوە پاڵپشتی سوپای عیراقو هێزی پێشمەرگەی كردوە لەشەڕی دژی داعش.
سەردانەكەی وەزیری بەرگری كەنەدا لەكاتێكدایە سەرلەبەیانی ئەمڕۆش ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگری ئەمریكا بە سەردانێكی كتوپڕ گەیشتە عیراق.
سەردانەكەی وەزیرانی بەرگری ئەمریكاو كەنەدا هاوكاتە لەگەڵ پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان لەمیحوەرەكانی شەڕ لەدژی رێكخراوی داعشو شكستی ئەو رێكخراوەو لەدەستدانی خاكێكی زۆری ژێر دەستی لەعیراقو سوریا.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش هێزە عیراقییەكان بەهاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانان، بنكەی ئاسمانی گەیارەیان لەچەكدارانی داعش پاككردەوە كە بەدووری 60 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری شاری موسڵ.
بڕیارە ئەو بنكە ئاسمانییە بكرێتە ناوەندی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی شاری موسڵو لەوێوە هێرشەكان دەستپێبكەن بۆ ئازادكردنی ئەو شارە.
ئاشتۆن كارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا، ئەمڕۆ پێش گەیشتنی بۆ عیراق، بەرۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند"كۆنتڕۆڵكردنەوەی بنكەی ئاسمانی رۆژئاوای گەیارە بە ئامۆژگاری ئێمە بووەو مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنەوەكە بریتیە لەدروستكردنی سەنتەرێكی لۆجستیكی لەو بنكەیە، تاوەكو لەوێوە هاوكاری لۆجستیكی ئەمریكا بۆ پشتیوانی لەئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ دەستەبەربكرێت".
هێرشە پچڕپچڕەكانی سوپای عیراق لەباشوری پارێزگای نەینەوا (بەرەو گەیارە)و باكوری سەڵاحەدین، لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندایە بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئازادكردنی شاری موسڵ، كە لەمانگی 6ی ساڵی 2014وە لەژێر دەستی داعشدایە.
