مەعسووم و جبووری جەخت لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەكەنەوە

 مەعسووم و جبووری جەخت لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەكەنەوە
سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوایین پێشهاتە ئەمنیی و سیاسییەكانی عێراق تاووتوێ دەکەن و جەخت لەسەر كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەم هەفتەیەدا دەكەنەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، رۆژی یەكشەممە 10-7-2016 فوئاد مەعسووم سەرۆككۆمار لە بەغدا لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق مەترسیی پەلامارەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ناوچەی كەڕادە لە بەغدا و مەزاری سەید محەممەد لە شارۆچکەی بەلەدی باشووری پارێزگای سەڵاحەدین باسكردووە.

سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمان پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی گونجاو دووپاتكردووەتەوە بۆ تێكشكاندنی پیلانەکانی داعش، "كە مەرامیانە دووبەرەكیی تائیفیی بورووژێنن و خەڵكی بێدیفاع بكوژن و ماڵ سامانیان وێران بكەن".

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە لە کۆبوونەکەدا "داواكرا هێزە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان، حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان ریزەكانیان یەكبخەن، لەپێناوی پوچەڵكردنەوەی پیلانی تێرۆریستان بۆ دەستوەشاندن لەو یەكڕیزییە نیشتمانییەی كە فاكتەرێكی بەهێز بووە بۆ پشتیوانییكردنی هێزە چەكدارەكانمان لە بەدەستهێنانی زنجیرە سەركەوتنە درەوشاوەكانی ئەم دواییە دژی تێرۆر".

مەعسووم و جبووری ئاماژەیان بە شەڕەكانی سوپای عێراق بەرامبەر داعش كردووە و بە سەركەوتنی "درەوشاوە" نێویان بردوون، "بەتایبەتی لە رزگاركردنی شاری فەللوجە و بنكەی ئاسمانی گەیارە و ناوچەیەكی فراوانی دیکەی پارێزگاكانی ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوا، ئەوەش بووە هۆیەك كە هاوكاریی و پێزانینی كۆمەڵی نێودەوڵەتیی زیاتر و فراوانتر بێت".
Top