هەرێم داوایەكی بەغدا رەتدەكاتەوە بۆ زیادكردنی تێچووی حەج
ئەو هەنگاوەی وەزارەتی ئەوقافو كاروباری ئاینی هەرێم، لەوەڵامی نوسراوێكی حكومەتی ناوەندی عیراقدا هات، كە لەچەند رۆژی رابردوودا ئاراستەی كردووەو تێیدا داوا دەكات، تێچووی حەجكردنی حاجیانی هەرێمی كوردستان وەك حاجیانی ناوچەكانی تری عیراق زیادبكرێت.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانو پێكەوەژیانی ئاینی لەوەزارەتی ئەوقاف راگەیاند: بەپێی نوسراوەكەی حكومەتی عیراق دەبێت بڕی چوار ملیۆنو 600 هەزار دینار وەك تێچووی حەجكردن لەحاجیان وەربگیرێت، بەڵام ئێمە بڕی چوار ملیۆنو 200 هەزار دینارمان بۆ ئەو مەبەستە وەرگرتووە.
ئەوەشی رونكردەوە كە ئەو پارەیەی وەرگیراوە، لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە وەك تێچووی حەجكردن بۆ هەر حاجییەك تاوتوێ كراوەو بەبڕێكی شیاو دانراوە، چونكە وەكو ئەو دەڵێت هەوڵدەدەن بارگرانی سەر هاوڵاتیان سوك بكەن نەك بارگرانییان لەسەر دروستبكەن.
نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەگەر ئەوان نوسراوەكەی حكومەتی عیراقیان جێبەجێ بكردایە، ئەو بڕە پارە زیادەیەی لەحاجیانی هەرێمیان وەردەگرت، دەگەیشتە ملیۆنێك دۆلار.
بڕیارەكەی حكومەتی عیراق، هاوكاتە لەگەڵ ئەو رێوشوێنانەی لەلایەن بەغداوە دانراوە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریەكانی قەیرانی دارایی، لەرێی زیادكردنی باجو داهاتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، هەرێمی كوردستان زیاتر لە دوو ساڵە لەقەیرانی قوڵی داراییدایەو بەهۆیەوە، جگە لەدواكەوتنی موچەی فەرمانبەران لەوادەی خۆییو كەمكردنەوەی بەپێی خشتەی پاشەكەوت، هەزارن پرۆژە راگیراونو كاریگەری لەسەر بژێوی خەڵك هەبووەو بازاڕی سست كردووە.
وابڕیارە لەمساڵدا سێ هەزارو 656 كەس لەهەرێمی كوردستان بۆ بەئەنجامگەیاندنی فەریزەی حەج، سەردانی شانشینی عەرەبی سعودیە بكەنو وەجبەی یەكەمی ئەو هاوڵاتییانەش، بەوتەی مەریوان نەقشبەندی لەناوەڕاستی مانگی داهاتوو (ئاب/8) بەڕێدەكەون.
