سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی یاسا داوای سڕكردنی وه‌زیره‌ كورده‌كان و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم ده‌كات

 سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی یاسا داوای سڕكردنی وه‌زیره‌ كورده‌كان و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم ده‌كات
گه‌وره‌ سه‌ركرده‌یه‌كى ده‌وڵه‌تى یاسا به‌ توندى ره‌خنه‌ى له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گرت له‌وه‌ى بێ ره‌زامه‌ندى حكوومه‌تى عێراق ده‌ستى به‌ هه‌نارده‌ى نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌نگاوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى به‌ پێشێلكارى سه‌روه‌رى و دزییه‌كى ئاشكرا له‌قه‌ڵه‌مدا.

حه‌نان فه‌تلاوى سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتى: پێویسته‌ حكوومه‌تى عێراق رێوشوێنى توند به‌رامبه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بگرێته‌ به‌ر له‌وانه‌ش راگرتنى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌ یه‌كجارى و ده‌ركردنی سه‌رجه‌م وه‌زیره‌ كورده‌كان له‌ سه‌ر پۆسته‌كانیان تا ئه‌و كاته‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌نارده‌كردنى نه‌وت پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ و راشیگه‌یاند، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ته‌جاوزى ده‌ستوور و یاسا ده‌كات و ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ره‌فتاره‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم كه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ كارده‌كات؛ راهاتووین و فه‌تلاوى ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم بۆ توركیا به‌ بێ ره‌زامه‌ندى حكوومه‌تى عێراق پێشێلكاریی یاسا و سه‌روه‌رى عێراقه‌ و هه‌روه‌ها دزییه‌كى ئاشكراشه‌.
Top