رێژه‌ی بێكاری له عێراق له به‌رزبوونه‌وه‌دایه
وه‌زاره‌تی پلاندانی عێراق رایده‌گه‌ینێ رێژه‌ی بێكاری له عێراق له به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌و ده‌ست پێشخه‌رییه‌كه‌ی حكومه‌تیش بۆ دامه‌زراندنی پله‌ی فه‌رمانبه‌رێتی له بودجه‌ی گشتی ساڵی 2011 به‌س نیه بۆ بنبرِكردنی بێكاری له ولاَت.
له‌مباره‌یه‌وه له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا بریكاری وه‌زاره‌تی پلاندانان و سه‌رۆكی ده‌زگای ناوه‌ندی ئاماری عێراقی مه‌هدی عه‌للاق رایگه‌یاند به گوێره‌ی دوا ئامار كه ده‌زگای ئامار ئه‌نجامیداوه رێژه‌ی بێكاری له سه‌ر ئاستی ولاَت به‌رزبۆته‌وه به شێوه‌یه‌ك رێژه‌كه گه‌یشتۆته 15%، ئه‌مه‌ش واتا یه‌ك ملیۆن بێكار هه‌یه له عێراق، گوتیشی تا ئێستا زانیارییه‌كان ئاماژه به به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری ده‌ده‌ن له عێراق به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نیا ئه‌وانه‌ی كه رۆژانه كه‌متر له كاتی دیاری كراوی كاركردندا كار ده‌كه‌ن رێژه‌كه‌یان ده‌گاته 30%، ئه‌وانه‌شی كه هیچ كارێكیان رێژه‌كه‌یان گه‌یشتۆته 15% .
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا حكومه‌ت برِیاریداوه له بودجه‌ی ئه‌مساڵ رێژه‌یه‌ك دیاری بكات كه ده‌گاته دامه‌زراندنی 25 هه‌زار پله‌ی فه‌رمانبه‌ری ئه‌م رێژه‌یه‌ش نابێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری له ولاَت بۆیه پێویسته حكومه‌ت هه‌لی دیكه بۆ هاولاَتیان دابین بكات.
روونیشی كرده‌وه به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری له ولاَته ده‌ره‌نجامی خراپی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و تاكی عێراقی ناچار ده‌كات په‌نا بباته به‌ر كاری دیكه، یاخود ناچاری ده‌كات روو له ده‌ره‌وه‌ی ولاَت بكات، به‌و شێوه‌یه‌ش زیان به ده‌ستی كاری عێراقی ده‌گه‌یه‌نێ و خزمه‌تی ولاَتێكی دیكه ده‌كات و له‌مه‌شدا ئینتیمای نیشتمانی نامێنێت.
دووپاتیشی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه بنبرِكردنی بێكاری له ولاَت له میانی كاراكردنی ئابووری عێراق به كه‌رته جیاجیاكانی كشتوكاڵ و پێشه‌سازی و وه‌ره‌برهێنانی هه‌ردوو كه‌رتی ناوخۆ و بیانی به ئه‌نجام ده‌گات و له‌وێوه هه‌لی كار بۆ تاكی عێراقی فه‌راهه‌م ده‌بێت بارودۆخی ژیان باشتر ده‌بێت.
سه‌رچاوه: PNA
