ساعیدی رێككه‌وتنێكی 25 خاڵی له‌ نێوان هاوپه‌یمانی نیشتمانی و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ئاشكرا ده‌كات

ساعیدی رێككه‌وتنێكی 25 خاڵی له‌ نێوان هاوپه‌یمانی نیشتمانی و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ئاشكرا ده‌كات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانی كه‌مال ساعیدی رایگه‌یاند هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌گه‌ڵ كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی 25 خاڵی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق رێككه‌وتوون، پێشبینیشی كرد له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو حكومه‌تی نوێ پێكبهێنرێت.

ساعیدی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تیان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌ سه‌ر بنه‌مای گشتی و شه‌راكه‌ی نیشتمانی پێشكه‌ش كردووه‌، كه‌ دواتر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نیشتمانییه‌وه‌ به‌هێزتر كرا.

جه‌ختیشی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هاوپه‌یمانی كوردستانی و كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوورییه‌و هه‌موو پرسه‌كانیش بۆ ده‌ستوور ده‌گه‌رِێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو لایه‌ك پابه‌ند ده‌كات به‌ رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی توندو تیژی و پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی بۆ سیاسیه‌تی ستراتیژی و ته‌واو كردنی پرسی ئاشته‌وایی نیشتمانی.

سه‌باره‌ت به‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدرِاڵ و حكومه‌تی هه‌رێم ساعیدی رایگه‌یاند هیچ ناكۆكییه‌ك له‌ نێوان هاوپه‌یمانی نیشتمانی و كورد نییه‌، به‌ڵكو ماده‌ی 140 و پرسه‌كانی پێشمه‌رگه‌و نه‌وت و بودجه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ پابه‌ندبوونی ده‌ستوورییه‌وه‌ هه‌یه‌، گوتیشی هه‌ر دوو كوتله‌كه‌ پابه‌ندی ته‌واوی ده‌ستوورن به‌و پێیه‌ی هه‌ردوولا هاوبه‌شی سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراتی عێراقن.
ساعیدی جه‌ختیشی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ردوو كوتله‌كه‌ توانیویانه‌ پرسه‌كانی ماده‌ی 140 و پێشمه‌رگه‌و یاسای نه‌وت و گاز یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.
Top