ئۆتۆمبێلێك بەقەد مجەفیفەیەك وزهی دەوێت
ئۆتۆمبێل هەتا دێت رێژەكەی لە جیهاندا زێدە دەبێ، بە جۆرێك كە رێژهی ئۆتۆمبێلەكانی جیهان زۆر لە رێژهی مرۆڤەكان زیاترە. ئەوانهی دە ساڵ بۆ رابردوو بگەڕێنەوە دەبینن هەر لەو هەرێمەی كوردستاندا ئۆتۆمبێل چەندین قات زیادی كردووە، زۆربوونی ئەو رێژە زۆرە لە ئۆتۆمبێل لە هەموو جیهاندا و لە هەرێمەكەی ئێمەشدا گرفتی زۆری هەیە، یەكێك لە گرفتەكان دابینكردنی وزەی پێویستە بۆ ئۆتۆمبێل كە بە زۆری وزەكەی بەنزینە.
لەم دواییەدا گروپێك لە خوێندكارانی زانكۆی كامبریج ئۆتۆمبێلێكیان بەرهەم هیناوە كە دیزاینەكەی وەك دڵۆپە ئاوێك دەچێت و وزەكەی خۆی لە هەتاو ورەدەگرێت.
ئۆتۆمبێلە هەتاوییەكە كە بە Resolution ناسراوە درێژییەكەی كەمتر لە پێنج مەترە، پانییەكەشی كەمتر لە مەترەكە. بەرزییەكەشی مەترێك و دە سانتیمە. كێشی ئۆتۆمبێلەكە 120 كیلۆیە.
ئەوپەڕی خێرایی ئۆتۆمبێلەكە 140 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدایە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە و خاڵی تێڕامانە ئەوەیە كە وزەی پێویست بۆ ئۆتۆمبێلەكە تەنیا بەقەد وزەی مجەفەیەكی سەروشك كردنەوەیە.
پەنێڵەكانی كە وزەی خۆر وەردەگرن بەشێوەیەكی كەوانەیی لە پشت سەری شۆفێرەكە داندران. شۆفێرەكە دەتوانێت بەرەو ئەو شوێنە بیسوڕێنێت كە تیشكی خۆری پێدەكەوێت. ئەوە یەكەمین ئۆتۆمبێلی وزەی خۆرە لە جیهاندا كە وزەیەكی هیندە كەمی دەوێت.
