ئێستاكە كە هەموو ئەركەكان بەمۆبایل ئەنجام دەدرێن و هەموو مۆبایلە هۆشمەندەكان كامێرایەكی دیجیتالی بەهێزیان هەیە، چاوەڕوانی ئەوە دەكرا كە پرینتەرێكی تایبەت بەمۆبایل بەرهەم بێت. ئەوانەی ساڵانی هەشتاكان كۆمپانیای Polaroid یان دێتەوە بیر كە كامێراكەی بەبێ چوون بۆ تاقیگە هەر دوای كێشانی وێنەكە وێنەكەی دەدایەوە، ئێستاش هەمان كۆمپانیای ناوبراو پرینتەرێكی بەرهەم هێناوە تایبەتە بەمۆبایل و دەستبەجێ وێنەی مۆبایلەكە چاپ دەكات. پرینتەری Polaroid POGO پرینتەرێكی بچووكە و ڕاستەوخۆ بەمۆبایلەوە پێوەند دەدرێت، هەروەها دەتوانرێت بەهۆی بلوتوس یا كێبڵی تایبەت بەمۆبایل پێوەند بدرێت و وێنەكان چاپ بكات. خاڵی جێگای سەرنج لەو پرینتەرەدا ئەوەیە كە بۆ چاپكردنی وێنەكان سوود لەحیبری تایبەت بەوێنە وەرناگرێت، هەر ڕاست وەك وێنەی كامێرای فیلمەكانی.