نان و نانكردنی كوردەواری

نان و نانكردنی كوردەواری
دەستڕەنگینی و لێهاتوویی كابان و ئافرەتی كورد لە دێرزەمانەوە و تا ئێستا شتێكی بەرچاو بووە و لە كاری رۆژانەیاندا دیارە، جاران چەندین جۆرە نانی خۆمانە بە دەستی ئافرەتی كورد دەكرا، سپێدەی هەموو رۆژێك بە ئاگردان و سێر و فەرشەوە، دەستیان دەدایە تێرۆگ و ناوبرێشكە و نانی گەرمیان بۆ خواردنی بەیانی ئامادە دەكرد، هەروەها چەندینی دیكەشیان ئامادە دەكرد، لەوانە: ئەستورك و گەزالە و ناسكەنان، هەموو ئەوانە پێشوو دەكران، وادیارە نانی تیری و ئەستورەكە بە پەنیر و شەكر، تا ئێستاش لەلایەن خەڵكەوە داوا دەكرێت، هەر بۆیە چەندین شوێنی نانكردن كراوەتەوە، رۆژانە (6 تا 8) ئافرەتی نانكەر لە بەرەبەیاندا نان دەكەن، نەوەك هەر تەنیا نانی تیری، بەڵكو ئەستورەكە بە پەنیر و شەكر و رۆن لەم شوێنەدا و بەپێی داواكاری پێشكەشی خەڵك دەكرێت، رۆژانە نزیكەی (500 تا 1000) نان لەلایەن ئافرەتە دەستڕەنگینەكانەوە دەكرێن، كە نانی گەرم و نانی تیرییە كە بە مەزرەقە ناسراوە، ئەو جۆرە نانە زیاتر دەبرژێندرێت و بە ئاگرێكی نزمەوە بۆ ئەوەی رەق بێت، دواجار وەك نانێكی ئامادەكراو دەبێت، دەتوانی ئەو نانە مەزرەقەیە بكەیتە تێگوشە، یان بە ئاو بیڕشێنیت و لە هەر كاتێكدا بێت ئامادەیە، خاوەنەكەی دەڵێت: نانی كوردەواری لە كوردستانەوە براوەتە سەفەری حەجی مەككە و بۆ وڵاتی دیكەش وەك هیندستان، سێتی نانی تیری كە (50) نانە بە (25) هەزار دینارە، تەنانەت ئەو نانە دەگاتە پێشمەرگەش، چونكە وەك نانی فڕنی و سەموون نییە و تا چەند بمێنێتەوە ئاساییە و تێكناچێت، جگە لە نانی گەنم، نانی جۆش هەیە، بۆ ئەوانەیە تووشی نەخۆشی شەكرە بوون، زیاتریش ئەو نانە لەلایەن ئافرەتانی خاوەن پیشە و دەوامەوە داوا دەكرێ، ئەوانەش كە منداڵیان زۆرە و توانایی نانكردنیان نییە.
Top