ئەو كارانەی جوانیت دەشێوێنن !
November 9, 2015
رەنگا و ڕەنگ
- دەست لێدانی رووخسار و دەم و چاو، زۆربەی خانمان لە خۆیانەوە خولیای ئەوەن كە دەست لە رووخساریان بدەن، كەچی ناشزانن كە ئەوە هۆكارێكە بۆ تووشبوونی پێستی رووخسار بە چەندین نەخۆشی، بە تایبەت ئەو كاتەی كە دەستیان پیس دەبێ و ئاگاداریش نین دەست لە لێو و روومەت و چاویان دەدەن و پاشانیش دەبێتە پەڵە و زیپكە و وردە خاڵ و گرێ.
- لێو گەستن و مژین، وەك خولیا و خووێك زۆربەی كچان لێوی خۆیان دەگەزن، هەندێكیش لە دوای ماكیاژ و بۆیەی لێو، لێوی خۆیان دەمژن و بە مەبەستی پەرت كردنی بۆیەكە، یان لێویان دەبەنە ژوورەوە، دواتریش رەنگە بڵێن ئاخۆ بۆ لێومان شەقی بردووە و یان وشك دەبێ، هۆكارەكەش ئەوەیە كە ئاوی دەمی بەردەكەوێ، ئاوی دەمیش رێژەیەكی زۆری ترشی تێدایە.
- وردە خاڵ و گرێ و خاڵ: یاری كردن بەو بەشەكانی پێست، كاریگەری خراپی هەیە لەسەر جوانیت، چونكە كاتێك دەتەوێت زیپكەیەكی بچووك بتەقێنیت، ئەوە دەرهاوێشتەی ناو زیپكەكە بەسەر پێستت پەرت دەبێ و بەڵكو لە جیاتی كەمتر ببێتەوە، تەنانەت زیاتر دەبێت.
- دەست لە پرچ دان، زۆربەی خانمان و ئافرەتان كاتێك داڵغەیەك لێدەدەن، یان بیر لە شتێك دەكەنەوە، دەستیان دەخەنە ناو پرچیان، هەندێ جاریش ئاگاداریش نین كە دەستیان بە هەر ماددەیەكە یان بە شتێكە، كە خراپە بۆ تەڵەمووەكانی پرچ، یان كاتێك دەستت لە نێو پرچت دەبێ، ئەو بەكتیریا و ڤایرۆسانەی دەستت دەچێتە رەگی مووەكانی پرچت و تووشی هەڵوەرینی دەكات.
- هێشتنەوەی ماكیاژ: هەڵەیەكی گەورەیە كاتێك تۆ خەوتوویت و ماكیاژیش بە دەم و چاوت ماوەتەوە، ئەوە هەنگاوێكی خێرایە بۆ تێكدانی پێستی روخسارت و زوو تووشی چرچ و لۆچی دەبێت، هەروەها خانەكانی پێستی رووخسار تووشی وشك بوون دەكات.
- كەرەستەكانی ماكیاژ: لە دوای هەر ماكیاژكردنێك، هەوڵبدە كەرەستەكانی ماكیاژت پاك بكەیتەوە و بە پیسی جێیان نەهێڵیت، هێشتەوەی ئەو ماددانە لەسەر كەرەستەكانی جوانكاری، دواتر دەبێتە كەرەستەیەكی دژە جوانی و كاریگەری لەسەر جوانیت دەكات.
