رێنمایی بۆ جوانی پرچت

رێنمایی بۆ جوانی پرچت
بۆ هەمیشە خانمان خەریكی پرچیانن و رۆژانە خۆیان بۆی هیلاك دەكەن و گرنگی پێدەدەن، مەبەستیشیان ئەوەیە كە پرچیان جوان و سەرنجڕاكێش و رازاوە بێ، هەروەها هەردەم بۆن خۆش و خاو بێت و بەسەر شانیاندا وەك كانگایەكی ئاو بێتە خوارەوە، هەندێ جاریش بەهۆی زۆر گرنگیدانیان بە پرچیانەوە، رووبەڕووی هەڵە و گرفت دەبنەوە، تەنانەت ماندووبوونیشیان بە فیڕۆ دەچێ و قژیشیان جوان نابێ، بۆیە پسپۆرانی پرچ جوانكردن و ئارایشتكردن، چەند رێنمایی و هەنگاوێكیان بۆ كچان و ئافرەتان خستۆتە روو، تا كارەكانیان ئاسان بكات بۆ ئەوەی پرچییان جوان و رازاوە بێت، لەوانە :
- دوای ئەوەی پرچت خاو دەكەیتەوە بە شانە، بە ئاوی شلەتێن و شامپۆ بیشۆ، سەرەتا شامپۆ بخەرە ناو لەپی دەستت و پاشان بەسەر هەموو پێستی سەرتدا پەرتی بكە و تەنیا لە شوێنێك كۆیان مەكەرەوە، دواتر بە هەردوو دەست شامپۆكە پەرت بكە، پاشان بۆ ماوەی (5) خولەك بوەستە با شامپۆكە بە پرچتەوە بێت و هەموو تەلەكانی پرچت بەر شامپۆكە بكەوێت و پێستی سەریشت بگرێتەوە.
- ماوە ماوە سەری تاڵە مووەكانی پرچت ببڕە، یان سەنتیمەترێك كورتی بكەوە، تا قژت زیندوو بێت و لە موخۆركە و وشك بوون بە دوور بێت.
- هەوڵبدە شەوان بەر لە نووستن، پێستی سەرت بشێلیت، شێلانەكە بە پەنجەكانت بێت و بە جووڵەی بازنەیی پێستی سەرت بشێلە تا خانەكانی تەڵەمووەكان چالاك بن.
- چەندین جۆرە خۆراك هەن، كە بەسوودن بۆ بەهێزكردن و باشتركردنی پرچ، كە ئەمانەن : سپێناخ، گێزەر، هێلكە، چەرەزات، ئۆفۆكادۆ، سەوزە و میوە.
- رێژەیەكی زۆر ئاو بخۆرەوە تا قژت لە وشك بوون و هەڵوەرین بە دوور بێت، هەروەها لەبەر تیشكی هەتاویش زۆر مەوەستە، یان ئەگەر كارەكەت وایخواست كە زۆر بمێنیتەوە، دەتوانی كڵاوێك لەسەر بكەیت.
- هەوڵبدە ئەو كەرەستانەی بۆ پرچ بەكاردەهێنرێن، وەك: كرێم و حەمام زەیت و شامپۆ و سپرای، لەگەڵ جۆری قژ و شێوازی پرچتدا هاوشێوە و گونجاو بێت.
- لە بیریش مەكە، كە شەوانە بەر لە نووستن، پرچت پاك بكەرەوە لە هەموو كەرەستەیەك كە لێتداوە، تا كاریگەری نەبێت لەسەر پێستە سەر و مووەكانی پرچت، چونكە مانەوەی بە درێژایی شەو كاریگەری خۆی دەكات.
Top