كچە هەڵەبجەییەك قوتابی نموونەیی وڵاتی سویدە
August 18, 2015
رەنگا و ڕەنگ
* تەمەنت چەندە و لە چ قوناغێكی خوێندنی ؟
- ناوم سیما شاهۆ هەڵەبجەیی، تەمەنم (19) ساڵە و ئەمساڵ بوومە قوتابی نموونەیی وڵاتی سوید، واتە نمرەكانم هەموویان لە سەرەوەی یەكەمەوە بوون، بۆیە ئێستا لە كۆلێژی پزیشكی شاری گۆتیبۆرگی سویدی وەرگیرام، لە بارەی بوونم بە قوتابی نموونەیی، هەموو هاوڕێ و مامۆستایانم خۆشحاڵ بوون و پیرۆزباییان لێم كرد.
* ئەمساڵ (8) یەكەمەكانی كوردستان، (6)یان كچ بوون ؟ ئایا كچان زیرەكترن لە كوڕان یان هۆكاری چییە كچان پلەی یەكەم بەدەست دەهێنن ؟؟ زۆربەشیان خەڵكی هەڵەبجە بوون ؟ رات چییە لەم بارەیەوە ؟
- زیرەكی بە كچ و كوڕی نییە، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵدانی خۆت، چۆنیەتی بەرنامەدانان بۆ خوێندن و پشوو وەرگرتنی مێشك، هەڵەبجەش لە مێژە شاری شاعیران و خوێندەواری و رۆشنبیری بووە، ئێمەش وەك كچانی عەدیلەخان، دەبێ سەركەوتووش بین، جێ دەستمان دیار بێت.
*نیازت وایە لە داهاتوو ببیت بە چی ؟ پاش خوێندن تەواو كردن حەز دەكەی بگەڕێتەوە و لە كوردستان خزمەت بكەی؟
-ئێستا لە كۆلێژی پزیشكی لە شاری ۆتیبۆرگی سوید وەرگیراوم، هیوادارم بە سەركەوتوویی خوێندنم تەواو بكەم و بگەڕێمەوە بۆ كوردستان و خزمەتی مرۆڤایەتی و كوردستان بكەم، تا بتوانم بە زانستی تازە بهێنمە كوردستان و بە هاوبەشی لەگەڵ پزیشكانی دیكە كاری باش بكەین.
*سیستەمی خوێندنی كوردستان و سوید ئێستا نزیكن لە یەكتر بۆ خویندن ؟ ئامۆژگاریت بۆ قوتابیان جییە تا بە جوانی بخوینن؟
- بیستوومە كە سیستەمی خوێندن لە كوردستان هاوشێوەی سیستەمی سویدی لێهاتووە، بەڵام هێشتا ماویەتی، چونكە سیستەمی سویدی پێشكەوتووە و ئامۆژگاریم بۆ قوتابیان ئەوەیە كە تەنیا هەر نەخوێنن بەڵكو كاتیش بۆ پشوو و چوونە دەرەوە دابنێن.
*ئەگەر لە كوردستان بوویتانە، دەتتوانی هەمان ئەو سەركەوتنە بەدەست بهێنیت؟
- ئەگەر قوتابییەك بیەوێ بخوێنێت، لە هەر شوێنێك بێت و هەوڵبدات، كێشە نییە، ئەگەر لە هەر بارودۆخێكیشدا بێت، جگە لە خوێندن حەز بە مەلە كردن و كتێب خوێندنەوەی زۆر دەكەم.
