چۆن جلو بەرگ لەگەڵ لەشو لارت رێك دەخەیت

چۆن جلو بەرگ لەگەڵ لەشو لارت رێك دەخەیت
هەندێ جار خانمان، هاوەڵ و دەستە خوشكانی خۆیان دەبینن، سەرسام دەبن لەوەی جلێكیان لەبەر كردووە، كە زۆر بە جوانی لێیان دەوەشێتەوە. رەنگە لە یەكتر بپرسن: ئاخۆ ئەو جلەیان لە كوێ كڕیوە و چ جۆرە ماركەیەكە؟ مەرج نییە جلەكەت لە ماركەیەكی گرانبەها بێ، یان لە چاكترین بەرگدروو كاری بۆ كرابێ، زۆر جلی دیكەش هەن، كە لەبەرت ئەوەندە شیك و جوانن، وەك ئەوە وایە لە ماركەیەكی بەناوبانگ بێ، گرنگە هونەری رێكخستن و شیكی جلەكانت بزانیت كە چۆن لەگەڵ لەش و لارتدا گونجاو و شیاو دەبن، لەم چەند خاڵەدا، هەوڵبدە سوود لە زانیاری تایبەت بە هونەری جل لەبەر كردن وەربگریت:
- ئەگەر باڵاتان كورت و مامناوەندە، جلی تەسك و پڕ بە جەستە لەبەر بكەن، چونكە جلی گەورەتر لە پێوانەی خۆتان، قەڵەوتر و كورتترتان نیشان دەدات، هەروەها بۆ ئەوانەی باڵایان بەرزە، چاكترە جلەكانیان بۆدی نەبێت، بەڵكو هەندێك كراوە بێت، تا لەگەڵ درێژی باڵایان رێكبكەوێ.
- ئەوانەی باڵایان كورت و ناوەندە، نابێ ئەو جلانە لەبەر بكەن كە هێڵ و نەخشی ئاسۆیی تێدایە، چونكە ئەو هێڵانە لە چاوی كەسی بەرامبەر باڵا و بەژنیان كورتتر و بچووكتر نیشان دەدات، بۆیە دەكرێ جلی وا لەبەر بكەن كە نەخش و هێڵی ستوونی تێدایە، هەروەها ئەوانەی باڵایان بەرزە، دەتوانن جلی وا لەبەر بكەن كە پڕ لە هێڵ و نەخشی ئاسۆیی بێت.
- سەبارەت بە رەنگەكان، دەبێ بە وریایی رەنگەكان هەڵبژێرن، بۆ نموونە رەنگی زەق و كراوە با لە جلەكانی بەشی سەرەوە بێت، رەنگی ئاچوخ و تۆخیش با لە جلەكانی بەشی خوارەوەی جەستە بێ، هەروەها دەبێ رەنگەكان لە یەكتر نزیك بن، تەنانەت ئەگەر ویستیشت رەنگی جلت رەنگاوڕەنگ بێ، دەبێ رەنگەكان نزیكی یەكتر بن، وەك : شین و رەش، یان رەساسی و سپی.
- ئەگەر جلێكت لەبەر كرد، بەتایبەت جل و بەرگی بەشی سەرەوە، هەوڵ بدە دووگمە و زنجیرەكانی تەواو دانەخەیت، چاكترە نیوەی كراوە بێ، یان هەر بكرێتەوە، تا سەرنجڕاكێش و جوان بێ، وا چاكیشە جل و بەرگت پڕ بە پێوانەی لەشو لارت بێت و گەورەتر و بچووكتر نەبێ.
- لە بارەی پانتۆڵەوە، ئەگەر جەستەت پڕ و قەڵەو و گەورە بێ، واچاكە جلەكەت ئەوەندە تەسك نەبێ، چونكە زیاتر جەستەت دەردەخات و جوانیت دەشێوێنێ، بە پێچەوانەش راستە، ئەگەر جەستەت ورد و بچووكە، با جلەكەت هەندێك كراوە بێت، تا جوان لەسەر جەستەت بنێشێت، ئەگەر قاچەكانت باریك و ناسكە، هەوڵبدە پانتۆڵی تەسك و شێوازی راست لەبەر بكەیت.
Top