جاران، زۆربەی خانمان لەسەر مۆدێكی جلی كوردی جلێكیان هەڵدەبژارد، كە ساڵانی پێشوو زیاتر جلی كوردی بە ئێلەگ باو بوو، تا بەم دواییە كە مۆدی كراس و كەوا هاتەوە، تەنانەت تا ئێستاش بەشێك لە خانمان حەز بە جلی كوردی بە ئێلەگ دەكەن، هەندێكی دیكەش كراس و كەوایان پێی جوانە، لەلایەن (ئەسعەد خەیات)، كە دیزاینەرێكی ناوداری جلی كوردییە، توانیویەتی هەردوو مۆدەكە لە یەك شێوازی تازەدا بەیەكتر بگەیەنێت، واتە جلی كوردی كراس و كەوا، لەگەڵ جلی كوردی بە ئێلەگەوە لە یەك مۆدەدا كۆ بكاتەوە، كە ئەوەش تازەگەری و نوێكارییە لە جلی كوردیدا، تا هەموو خانمان لەسەر مۆدەیەك رێبكەون و دڵی هەموو ئەوانە رازی بكات كە نیازیان جلێكی كوردییە. وەك خۆی دەڵێ : جلێكی نایابە لە جوانیدا، هەروەها لە دیزاینەوە كاری جوانمان بۆی كردووە، چونكە ئەو تێكەڵ كردنە، بۆتە هۆی ئەوەی كە جلەكە زیاتر سەرنجراكێشتر بێت، بەهۆی ئەوەی لە بەشی پێشەوەی زیاتر ئێلەگەكە دەردەكەوێت و لە بەشی دواوەش كەواكە بە جوانی دیارە، ئەو دوو شێوازە جلەكەیان رازاوەتر كردووە، خانمانیش دەتوانن لە دوو دڵی نێوان ئیلەگ و كەوادا خۆیان یەكلایی بكەنەوە و ئەو جلە جوانە هەڵبژێرن.