چەندین ساڵە بەرهەم و بەروبوومی كاری دەستی لە كوردەواریدا، جێگەی دیارە و هەموو ئەو بەرهەمانەش جێگەی سەرنج و بایەخن، جاران ئافرەتان و پیاوان، بە دەستە رەنگینەكانیان، شتی وایان دروست كردووە كە ئێستا بە چەندین كارگەی جۆراوجۆر دروست دەكرێن، بە تایبەت ئەو كەرەستانەی كە لە ژیانی رۆژانەدا بەكاریان دەهێنا، بەرهەمی دەستی كوردەواری زۆرن، جل و بەرگ وەك فەرەنجی و كراسی كوردی و شاڵ و دەسماڵ و ئێلەگ، لە ئێكسسوارەكانیش وەك : دەستبەند و ملوانكە و تەسبێح و قەند و گوارە و گوستیلە، لە كەرەستەكانیش وەك : پێڵاو و كڵاش و كەوش، دەستەوانە و كڵاوی سەر، ئەوەی دەیبین كڵاشێكی جوانە و بە دەست دروست كراوە، كە كڵاشێكی كوردییە و تایبەتە بە خانمان، تا ئەوانیش وەك پیاوان كڵاش لە پێ بكەن، ئەو كڵاشە لە رەنگی سپی و سوورە، هەروەها قردێلەیەكی سووریش لە پێشەوەی دراوە، تا گوزارشت لە رەنگ و شێوازی ئافرەتانەوە بكات.