لانكی كوردەواری كوردستان بۆ ئەوروپا

لانكی كوردەواری كوردستان بۆ ئەوروپا
ساڵانێكە لە نێو كوردەواریدا بۆ حەوانە و بەخێو كردنی منداڵ لانك بەكاردێ، تەنانەت تا ئێستاش لانك ماوە و لە زۆربەی ماڵەكاندا ئەو پێخەفە خنجیلانەیە لەلایەن ئافرەتان و دایكانی كورد بەكاردەهێنن تا بچكۆڵەكانیان تێدا بخەون، دەڵێن كورد بەوە جیا دەكرێنەوە لە نەتەوەكانی دیكە، چونكە پشتە سەریان پانە، بەهۆی ئەوەی زۆربەمان لەناو لانك دانراوین و پشتە سەرمان وەك خەڵكی نەتەوەكانی دیكە هێلكەیی و بازنەیی نییە، لە وەستایەكی تایبەت بە دروست كردنی لانكمان پرسی و ئەویش ئەو زانیاریانەی بۆ روون كردینەوە : ئێستا خەڵكێكی زۆر دێن و داوای لانك دەكەن، ئێمەش بەپێی خواستی خۆیان یان بە شێوازی ئامادەكراو دادەنێن و دروستی دەكەین، ئەو دارەی بۆ لانك دادەنرێ لە داری ئەسپیندارە، كە زیاتر لە ناوچەكانی دەوروبەری شەقڵاوە و چۆماندا بۆمان دێ، یان لە داری ساز دروستی دەكەین، پێشتر كارگە هەبوو كە رۆژانە زیاتر لە (5) تا (10) لانكیان دروست دەكرد، ئێستاش ئەوەی بە دەست چاكی دەكات نزیكەی (2) لانكی بۆ دروست دەكرێ، هەمانە تایبەتە و بە نەخشە نرخی دەگاتە (4) وەرەقە، تەنانەت لە ئەوروپاوەش هاتوونەتەوە و داوای لانكیان كردووە و لەگەڵ خۆشیان بردوویانە، زۆربەی ئافرەتانیش دێن دەڵێن، منداڵەكانمان لەناو لانك نەبێت، ناحەوێنەوە ! سیفەتێكی گرنگی لانك جەستەی منداڵ توند و تۆڵ دەكات، بۆ ئەوانەش كە حەز ناكەن منداڵەكانیان توند ببەستنەوە، ئێستا ناوەوەی لانكمان قۆڵ كردووە تا منداڵەكە نەكەوێت، بێگومان ئەو كەرەستانەشی لەگەڵدا دادەنێن كاتێك لانكەكە تەواو دەبێ كە ئەوانەن : دەست رازە و كوولە و دۆشەك و بلوول، تا دایكان بتوانن سوود لەو كەرەستانە وەربگرن بۆ حەوانەوەی منداڵەكانیان.
Top