ئەوانەی حەز بە كەلتوور و داب و نەریتی كوردەواری كۆن دەكەن، كە پێویستە وەك ئەركێك ئەو سامانە نەتەوەییە بپارێزین، هەموومان دەبێ شانازی بە كەلتووری خۆمانەوە بكەین، چونكە پێناسەی نەتەوەییمانە و دەبێ هەموو كات بەرچاو و دیار بێ، هەندێ كەسیش بە حەز و خولیای خۆیانەوە كاری وادەكەن كە گوزارشت لە كەلتووری كوردی دەكات، وێڕای ئەوەی ئەو كارانە دەكرێن لە كردنەوەی پیشانگا و دروست كردنی كەل و پەل و نمایشی كوردەواری، بەڵام دەبێ هێشتا زیاتر لەو بوارە دەوڵەمەند بین، چونكە ئەوانە گوزارشت لە ژیانی پێشووی باب و باپیرانمان دەكەن، هەر بۆیە لە شاری هەولێریش سەراپای خانوویەك لەسەر نەخش و شێوازی كۆنی كوردەواری دروست كراوە، كە گوزارشت لە ماڵی و حاڵی جاران دەكات، بگرە لە كەرەستەكانی ژووری دیوەخان و ناندین و باخچەی دەرەوە، تەنانەت چەندین كەلوپەلی كوردەواری لەم خانووە دانراوە، ئەوەی بچێتە ناو ئەو خانووە وا دەزانێ كە سەردانی ماڵێكی كۆنی كوردەواری دەكات، ئەو كارەش دەبێتە بەرهەمێك تا پارێزگاری لە كەلتووری كوردەواری خۆمان بكات.