لەیلا قادر: قەیرانی دارایی و مووچە داوای جلوبەرگیشی كەم كردووە

لەیلا قادر: قەیرانی دارایی و مووچە داوای جلوبەرگیشی كەم كردووە
لە دێرزەمانەوە تا هەنوكە زۆربەی ئافرەتانی كورد شانبەشانی پیاوان كاریان كردووە. ئەوەتا ئێستاش چەندین ئافرەتی بوێر و كارامە كاری خۆیان دەكەن، هەر یەكەش بەپێی پسپۆڕی كارەكەی، چونكە پێیانوایە هیچیان لە پیاو كەمتر نییە، ئەگەر بیانەوێت دووكانێك، یان شوێنێك بكەنەوە. چیرۆكی ژیانی لەیلا قادر خانمێكی بەرگدروو لە سەر زاری خۆی دەبیسین كە رۆژانە لە بەیانی تا ئێوارە لە پێشوازی خەڵكدایە، تا ئێستا بە هەزارەها جلی كوردی و كراسی جۆراوجۆری بۆ خانمان دووریوە و پێشكەشی كردوون.
*چۆن رووت لە پیشەی بەرگدروون كرد؟
-حەز و خولیام بۆ ئەو كارە دەگەڕێتەوە سەردەمی منداڵیم، كە رۆژانە خۆم بە پارچەپارچە كردنی جل و بەرگ و قوماش سەرقاڵ دەكرد. دواتر هێواش هێواش پەرەم بە كارەكەم دا و زانیم لەم بوارە شتێك دەزانم. هەر بۆیە كارەكانم زیاتر كرد و سەرەتا بە خۆڕایی كارم دەكرد، نزیكەی (15) ساڵە ئەو دووكانەم كردۆتەوە و تا ئێستاش بەردەوامم لە كارەكەم.
*ئێستا كچان زیاتر چ جۆرە كراس و قوماشێك هەڵدەبژێرن؟
- ئێستا ئافرەتان هەریەكەو بە پێی خواست و ویستی خۆی داوای جلی كوردی دەكەن، چونكە ئاستی داواكردن و هۆشیاریی مۆدە و جل و بەرگ بەرزبۆتەوە و زیاتر ئەوان لە رەنگ و شێوازی جلەكەیان دەستپێشخەری دەكەن.
*تا چەند لە كارەكەتدا دڵخۆشی و كێ هاوكاریت دەكات و چ پەیامێكت بۆ ئافرەتان هەیە؟
- لە كارەكەم دڵخۆشم و هیوام وایە زۆربەی كچان لەم كۆت و بەندە رزگاریان بێ و هەر خۆیان سەرپەرشتی كارەكانیان بكەن، بۆ نموونە كاتێك كچێك دەچێتە لای بەرگدروویەك، حەز دەكات بەرگدرووەكە ئافرەت بێت، تا بە جوانی لێی تێبگات و قیاس كردنەكەشی هەر لەلای ئافرەتەوە بێت، كارەكەشم خۆشدەوێ و هاوسەرم یارمەتی تەواوم دەدات لە كارەكانم و بۆیە پێمخۆشە هەموو پیاوان لە ژیانیاندا پشتگیری هاوسەرەكانیان بكەن.
*تا چەند كراسی كوردی ئێستا باوە و چ جۆرێكی زیاتر داوا دەكرێ؟
- ساڵانی پێشووتر داواكاری لەسەر جلی كوردی زیاتر بوو لە چاو ئەمساڵ. ئەم ساڵەدا بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە داوای ئەو جلە كەم بۆتەوە، بەڵام هێشتا كچان و ئافرەتان زیاتر داوای جلی كوردی بە نەخش و گوڵ گوڵ دەكەن، وەك هەبوونی گوڵێكی گەورە لەنێو كراسەكەدا، یان هەیە بەپێی حەز و خواستی خۆی جۆر و رەنگی قوماشمان بۆ دەهێنێ و ئەوەی لە دڵیەتی داوای دەكات.
Top