كوردستان دەوڵەمەندە بە چەندین شوێنەواری كۆن و ئاسەواری دێرینەوە، هەریەكەیان ئەمڕۆ گەنجێنەیەكی مێژوویی بە نرخە بۆمان، بگرە لە ئەشكەوت، كەل و پەل، شوێنەوار و باڵەخانەی كۆن، یەكێك لەو ئەوشكەوتە دێرینانەی كوردستان، ئەشكەوتی (بێستوون)ە. مێژووی ئەو ئەشكەوتە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ، بە گەورەترین ئەشكەوت لە سنووری پارێزگای هەولێر دادەنرێ، كە دەكەوێتە باكووری خۆرئاوای هەولێر، بە دووری (97) كیلۆمەترەوە، دەتوانی لە دوو رێوە سەردانی ئەو ئەشكەوتە بكەی، یەكەمیان لە رێگەی بەرزایی چیای سپیلك بەرەو دۆڵی خەلان و بناوێ، پاشان بەرەو بەرزایی چیای برادۆست، دووەم رێگەش لە كۆتایی گەلی عەلی بەگ بە رێگایەك بەرەو خۆرئاوا دەڕوات لە نێوان هاودیان و سارداوەوە، لەوێوە بە رێگەیەكی لاوەكی سەردەكەوی تا دەگەیتە ئەشكەوتی بێستوون. لە سەرەوەی ئەشكەوتەكە كونێكی بچووك هەیە، كە رووناكی دەداتە ژوورەوە، ئەو ئەشكەوتە نزیكەی (40) مەتر پانە و (10) مەتر بەرزە، سەدان چۆڕاوگەی بلووری كە وەك كریستال دەدرەوشێنەوە لە میچی ئەشكەوتەكەوە بەرەو خوار شۆربۆتەوە، لە قوڵایی ئەو ئەشكەوتەدا گۆمە ئاوێك هەیە، لەگەڵ چەندین چوڕاوگەی كلسی كە دیمەنێكی سەرنج راكێش و نایابیان هەیە. ئەوەش بزانین كە ئەشكەوتی بێستوون بە ئەشكەوتی (بێ بن) ناسراوە، بەهۆی ئەوەی تا چەندە بچیتە ناو قوڵایی ئەشكەوتەكە بنی نایەت و كۆتایی نییە.