جوانكاری بۆ نینۆكەكانی دەست و قاچ

جوانكاری بۆ نینۆكەكانی دەست و قاچ
وا هەست مەكە جوانی نینۆكت گرنگ نییە و بە سانایی فەرامۆشی مەكە، چونكە جوانیت پابەندە بە هەموو ئەندامانی جەستەتەوە. نینۆكەكانی دەست و پێ لەگەڵ هاتنی زستان تووشی نەشازی و نەشیاوی دەبن و ئەگەر ئاگاداریان نەبیت، جوانی نینۆكت لە دەست دەدەیت. لێرەدا چەندین رێنمایی بۆ پاراستنی نینۆكەكانت دەخەینەڕوو:
- زۆربەی كچان رایانوایە ئەركی نینۆك درێژكردن قورسە، بەڵام وا نییە دەتوانن بە جوانترین شێوە نینۆكەكانیان مەناكیر بكەن، لە ماڵەوەش دەتوانن ئەو كارە بكەن.
- تۆش دەتوانی گیراوەیەك ئامادە بكەی تا نینۆكەكانت هەردەم پارێزراو و جوان بن، ئەو گیراوەیەش بە فازلین و ئاوی گوڵ و خومرە و ئاوی لیمۆ دەگیرێتەوە، لە هەر یەكێكیان بڕێكی كەم بهێنە و تێكەڵی یەكتریان بكە و لە نینۆكتی بدە، هەروەها دەتوانی تەنیا بە رۆنی زەیتوون لەگەڵ هەندێك شیر ئەو كارە بكەی، تا نینۆكەكانت جوان بێت.
- ئەگەر نینۆكی دەستكرد لە پەنجە دەكەی، وا باشترە لە وەرزی زستاندا دووربكەویتەوە لێیان، چونكە نینۆكی دەستكرد لە زستاندا سوودی نییە، لە كاتی لێكردنەوەی نینۆكی دەستكردیش هەوڵبدە بە پارچە پەموویەك و بە ئارامی لە پەنجەكانتی بكەیتەوە.
- دوای ئامادەكردنی گیراوەكان كە شێوەیان دەبێ وەك هەویر بێ، سەر نینۆكی پەنجەكانی دەست و قاچتی بسوو، باشتریشە بەشێكی پێستی نزیك لە نینۆكەكانیشت داپۆشێت.
- دوای دانانی ماسكە هەویرەكە، بۆ ماوەی (20) خولەك چاوەڕوان بە، پاشان دەستت، یان قاچت بخە ناو سەتڵە ئاوێكی شلەتێن، ئەگەر هەندێك خوێ بكەیتە ناو ئاوەكە، كاریگەری زیاتری لە جوانكردنی نینۆكەكانی پەنجەت دەبێت.
- پاشان دەست و قاچت وشك بكەوە، هەندێك كرێمی تەڕ و فازلین بەكاربهێنە، پاشان بە دەستت دەوروبەری نینۆكت بە نەرمی و بە وردی بشێلە، لە كۆتایی دەست و قاچت بشۆ، ئەو كارەش وا باشە دوو هەفتە جارێك بیكەیت، تا زیاتر لە جوانكردنی نینۆكەكانی دەست و قاچت كاریگەری هەبێت.
- ئەوانەی نینۆكیان كورتە و دەیقرتێنن، پێویستە نینۆكیان زۆر كورت نەبڕن، ئەوانەشی نینۆكیان درێژە، وا چاكە خۆیان بپارێزن لە هەندێك كاری ماڵەوە كە رەنگە نینۆكەكانیان بشكێنێ.
- لە دوای قرتاندن و نینۆك كردن، سەرەوەی هەر نینۆكێك لووس و راست بكە، ئەوەش بە بڕبەن و مەورەدی نینۆك، وا باشە مەورەدی دار بەكاربهێنن، هەروەها پارچە قوماشێكی پەموو بەسەر نینۆكەكانتاندا بخشێنن، ئەو كاتە دەردەكەوێ نینۆك دڕە، یان رێك و تەواوە.
Top