پەرلەمانی ئەوروپا هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی پەرلەمانتارێکی هەدەپە سەرکۆنە دەکات

پەرلەمانی ئەوروپا هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی پەرلەمانتارێکی هەدەپە سەرکۆنە دەکات

پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی بڕیاری پەرلەمانی تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی پەرلەمانتارێکی هەدەپە دەکات.

ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 17ی ئاداری 2021، لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لە عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە لە بازنەی پارێزگای کۆجائێلی خستە دەنگدان. لە ئەنجامدا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی ئاکپارتی و مەهەپە و پارتی یەکبوونی مەزن و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئیی پارتی، لێسەندنەوەی متمانە لەو پەرلەمانتارە پەسندکرا.

پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی تورکیا دەکات و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی و پارێزبەندی لە عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و پەرلەمانتاری هەدەپە و بڕیاری زیندانیکردنی دەکەین".

لە راگەیێندراوی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا ئاماژە بەوە کراوە، لێسەندنەوەی ئەندامێتی و پارێزبەندی لە عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغلۆ و زیندانیکردنی "پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانیەتی و هەنگاوێکی دیکەی ترسناکە بەرەو نەهێشتنی متمانە لە دیموکراسیبوونی پەرلەمانی تورکیا".

هاوکات پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا دۆسیەی ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە بە نموونەیەکی دیکە "بۆ دۆخی خراپی ئازادیی رادەربڕین لە تورکیا، خراپ بەکارهێنانی یاسای تیرۆر بۆ کپکردنی دەنگە رەخنەییەکان و چەوساندنەوەی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتیش هەدەپە" دادەنێت.

هەروەها باس لەوەش کراوە، دەرکردنی گەرگەرلیئۆغلۆ لە پەرلەمان و زیندانیکردنی، کە تەنیا دوو هەفتە دوای ئەوە دێت سەرۆکی تورکیا کارنامەی چاکسازیی مافی مرۆڤی بۆ "پاراستنی شکۆمەندیی مرۆڤ، مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا" خستەڕوو، "تاقیکردنەوەیەکی ئازاربەخشە".

پەرلەمانە ئەوروپییەکە ئەوەی خستووەتەڕوو "کردارەکان بە دەنگێکی بەرزتر لە وشەکان دەدوێن، لەم دۆخەشدا کردارەکان زۆر بەرزتر لە بەڵێنەکانی چاکسازی یاسایی و هەموو ئەو گوتارە پڕ لە نیازپاکیانەی کە پێشکێش بە یەکێتیی ئەوروپا کراون دەدوێن. ئێمە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین پێگیری بەو بەهایانە بکات کە بانگەشەیان بۆ دەکات بۆئەوەی بەگوێرەی دەستووری تورکیا، پابەندبوونی خۆی بە بنەما ئەوروپییەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە جێبەجێ بکات".

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کردووە، دەرکردنی گەرگەرلیئۆغلۆ لە پەرلەمان و دەستگیرکردنی لەکاتێکدایە، ناوبراو "داکۆکیکارێکی سەرسەختی" مافی مرۆڤە، هەنگاوەکەی پەرلەمانیش "بە رێککەوت نییە، بەڵکو لەسەر تۆمەتی بێ بنەما سزادراوە".

پەرلەمانی ئەوروپا هاوسۆزیی خۆی بۆ ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە و خێزانەکەی دەربڕیوە و دەڵێت "بەردەوامدەبین لە خواستە دیموکراسییەکانی کۆمەڵگەی سڤیل و هەموو ئەندامەکانی لە تورکیا".
rudaw -
Top