راوێژکارێکی بایدن: پەیوەندیی ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێران هەیە
جێیک سولیڤان، راوێژکاری جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، رایگەیاندووە، پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکەی واشنتن و تاران تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەبارەی رێککەوتننامەی ناوکی.
جێیک سولیڤان هەروەها رایگەیاندووە، پەیوەندییەکە لەڕێی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ”کەناڵی دیپلۆماسیی دیکەوەیە“، کە هاوکاریی ئەمریکا دەکەن لە روونکردنەوەی هەڵوێستی ئەو وڵاتە بۆ بەرپرسانی باڵای ئێران.
راوێژکاری جۆ بایدن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دڵنیایی دا لەوەی وڵاتەکەی دەتوانێ ئامانجەکانی خۆی لە رێگرتن لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ئێران، بەدەست بهێنێت و بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەش ”بە رێگای دیپلۆماسی دەبێت“.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی سزا بەسەر ئێران، تاران لابردنی ئەو سزایانەی بە مەرجی پابەندبوونەوەی وڵاتەکەی بە رێککەوتننامەی ناوکی داناوە و بەرپرسانی ئەمریکاش رایدەگەیەنن، ئەگەر ئێران بە تەواوی پابەندی رێککەوتنەکە بێت ئەوکات سزاکان لادەدەن.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (2017-2021) بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنيوز
