سەرۆکی پارتێکی فەرەنسا بە تۆمەتی چەکهەڵگرتن دەستبەسەرکرا
ئەمڕۆ پۆلیس ماڵی ئەو بەرپرسە فەرەنسییەیان پشكنی و دواتر رایگەیاند، ژمارەیەک چەکیان لە ماڵەکەیدا دۆزیوەتەوە.
پشکنینەکەی پۆلیس دوای ئەوە دێت کە کەسێکی نزیک لە لاگارد پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کردبوو، داوای لێکردبوون بڕۆن و نەهێڵن بەرپرسە فەرەنسییەکە زیان بە خۆی بگەیێنێت.
هاوکات پارێزەرەکەی ژۆن کریستۆف لاگارد دەڵێت، پۆلیس دوای دروستبوونی کێشەیەکی "بچووکی خێزانی"، لاگاردیان دەستبەسەر کردووە.
هەروەها پارێزەرەکەی باس لەوە دەکات، ئەو چەکانەی لە ماڵی لاگارددا دەستیان بەسەردا گیراوە لە جۆری سووک بوون.
پاسکال بریندو، جێگری سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات و سەربەخۆکانی فەرەنسا دەڵێت، بە هەبوونی ئەو جۆرە چەکانە، لاگارد هیچ یاسایەکی پێشێل نەکردووە، چونکە لە یانەیەکی وەرزشیدا ئەندامە.
ژۆن کریستۆف لاگارد، تەمەنی 53 ساڵە و لە ساڵی 2014وە سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات و سەربەخۆکان دەکات.
پارتەکە لە ساڵی 2012 دامەزرێندراوە، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەرەنسا 18 و لە ئەنجوومەنی پیران 42 ئەندامی هەیە.
rudaw -
