ئەنتۆنی گۆترێس: دۆخی سووریا هێشتا هەروەک مۆتەکەیە
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوێنێ چوارشەممە بە بۆنەی ١٠یەمین ساڵیادی شەڕی ناوخۆیی سووریا، باسی دۆخی ناجێگیری ئەو وڵاتەی کرد و گوتی دۆخی سووریا هێشتا هەروەک مۆتەکەیەکی زیندوویە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) ئەنتۆنیۆ گۆترێس وێڕای ئاماژە بە هەلومەرجی ژیانی خەڵک و برسێتیی ٦٠٪ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە، ڕای گەیاندووە نزیکەی نیوەی منداڵانی سووریا هیچ ڕۆژێکی بێ جەنگ و دڵەڕاوکێیان تێپەڕ نەکردووە.
سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کردووە: "هەرچەند پرسی سووریا لە مانشێت و لاپەڕەی یەکەمی میدیاکاندا نەماوە، بەڵام دۆخی ئەو وڵاتە هێشتا مۆتەکەیەکی زیندوویە".
بەشار ئەسەد سەرکۆماری سووریا، بە سەرکوتی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١١، ئەو وڵاتەی تووشی شەڕێکی ناوخۆیی و دۆخێکی مەترسیدار برسێتی کرد.
لە شەڕی ناوخۆیی سووریا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، پشتگیریی لە حکوومەتی بەشار ئەسەد کردووە. لە بەرانبەردا ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ناوچە، بۆ وێنە تورکیا، پشتگرییان لە دژبەرانی حکوومەتی بەشار ئەسەد کرد.
هاوکات ڕووسیا و ئێران ڕاستەوخۆ لە پرسی ناوخۆیی سووریا دەستێوردانیان کرد و پرسی شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە نێوان تورکیا، ئێران ڕووسیا، ئەمریکا و هاوپەیماناندا بووەتە پرسێکی ئاڵۆزی چارەسەرنەکراو.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011 لەنێوان گرووپە چەکدارییە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا دروست بووە و چەندین وڵات راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چوونەتە ناو شەڕەکەوە.
رژێمی سووریا،کە هەریەکە لە وڵاتانی رووسیا و ئێران و میلیشیاکانی حزبوڵڵای لوبنانی و حەشدی شەعبی لە عێراق پاڵپشتی دەکەن، بە هەموو جۆرە چەکێک، تەنانەت بە چەکی کیمیاوی و کۆکوژیش، هەوڵی دامرکاندنەوەی یاخیبوونی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی داوە.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی روانین، کە کار لەسەر فریاگوزاریی مرۆیی دەکات، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (فرۆنتیر ئیکۆنۆمیکس)، زیانە مرۆیی و داراییەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریای ئاشکرا کردووە کە بریتین لە:
- کوژرانی 600 هەزار هاووڵاتی، سەربازی رژێمی سووریا و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن.
- ئاوارەبوونی 12 ملیۆن هاووڵاتیی سووریا لە ناوخۆ و بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە.
- تێچووی شەڕەکە تریلیۆنێل و 200 ملیار دۆلار بووە، کە یەکسانە بە بودجەی تەواوی وڵاتانی ئەوروپی بۆ ماوەی 10 ساڵ.
- ئەگەر ئێستا شەڕی ناوخۆیی سووریا کۆتایی بێت، کاریگەرییەکانی وێرانکای لە سووریا تا ساڵی 2035 بەردەوام دەبێ و تێچووی ئاوەدانکردنەوەشیان تریلیۆنێک و 400 ملیار دۆلار دەبێت.
- کاریگەریی شەڕی ناوخۆیی سووریا لەسەر تەندروستیی منداڵانا و دابڕانیان لە خوێندن، یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە.
هەروەک ئەو رێکخراوە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێکردووە، لە ماوەی 10 ساڵی شەڕی ناوخۆیی سووریا، تەنیا بە بەهای 19 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سووریا کراوە.
باسنیوز
