پاپا فرانسیس سەری سووڕماوە لەوەی کێ چەکی بە گرووپە پەڕگیرەکانی عێراق فرۆشتووە
پاپا فرانسیس دەڵێت، عێراقییەکان مافی ئەوەیان هەیە بە شکۆمەندی و لە ئاشتیدا بژین "جەنگ هەمیشە ئەو دێوەزمە بووە کە لەگەڵ چەرخ و قۆناخەکاندا خۆی گۆڕیوە و بەردەوامە لە لەناوبردنی مرۆڤایەتی. بەڵام وەڵامی جەنگ، جەنگێکی دیکە نییە و وەڵامی چەکیش چەکێکی دیکە نییە. دەپرسم کێ چەکی بە تیرۆریستەکان فرۆشت؟ ئەوانە کێن کە تاوەکو ئەمڕۆش چەک بە تیرۆریستەکان دەفرۆشن؟"
پاپای 266ـەمینی ڤاتیکان لە رابردووشدا بەردەوام دژایەتیی خۆی بۆ کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک و بازرگانیکردن پێوەی دەربڕیوە.
ساڵی 2019 و لە ساڵیادی کارەساتی هیرۆشیمادا، پاپا فرانسیس بە تووندی هێرشیکردە سەر بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەرانی چەکی ئەتۆمی و جەختی لەوە کردەوە، دەبێت وزەی ئەتۆمی تەنیا بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی وزە و بە مەرجی سەلامەتییەوە بەکاربهێندرێت.
پاپای ڤاتیکان دەڵێت "دووبارە دەیڵێمەوە، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بەدڕەوشتییە. پێویستە ئەم بنەمایە لە پەروەردەی ئایینیی کەنیسەی کاسۆلیکیدا بچەسپێندرێت. نەک تەنیا بەکارهێنان، بەڵکو دروستکردنیشی بەدڕەوشتییە".
سەرکردەی کاسۆلیکەکانی جیهان پێیوایە، بەرهەمهێنەرانی چەک کەسانی دووڕوون و نابێت خۆیان بە کریستیان دابنێن؛ هەروەها دەشڵێت، "رۆژێک دێت ئەو کەسانە لە بەرامبەر خودا دەوەستن و هیچ وەڵامێکیان بۆ کارەکانیان نابێت".
rudaw -
