وەزارەتی بەرگریی سعودیە: هێرشێکی فراوانی حوسییەکانمان تێک شکاند

وەزارەتی بەرگریی سعودیە: هێرشێکی فراوانی حوسییەکانمان تێک شکاند


وەزارەتی بەرگریی شانشینی عەرەبستانی سعودیە هێرشێکی میلیشیای ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئاشکرا دەکات.

عەمید روکن تورکی مالکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە راگەیاندراوێکدا، رایگەیاندووە، یەکێک لە گۆڕەپانەکانی کۆگا نەوتییەکانمان لە بەندەری رەئس تەنورا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کراوەتە سەر و هەوڵی بەئامانجگرتنی کۆمپانیای ئارامکۆ لە زەهران، بە مووشەکی دوورمەودا، دراوە.

عەمید روکن تورکی مالکی بە ئاماژەکردن بەوەی هێرشەکە رۆژی یەکشەممە 7-3-2021 لە دەریاوە کراوەتە سەر وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، هێرشەکە تەنیا زیان بە سعودیە ناگەیەنێت، بەڵکو زیان بە ئابووریی جیهان و بازاڕی نەوتیش دەگەیەنێت.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەیان توانیویەتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و مووشەکە بالیستییەکان لە ئاسمانەوە تێک بشکێنێت.

رۆژی یەکشەممە حوسییەکان رایانگەیاند، بە 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەشت مووشەکی دوورمەودا، هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە ناو قووڵایی خاکی سعودیە.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.





باسنیوز
Top