لە سویسرا دەنگدان لەسەر قەدەخەکردنی داپۆشینی رووخساری ژنان بەڕێوەچوو

لە سویسرا دەنگدان لەسەر قەدەخەکردنی داپۆشینی رووخساری ژنان بەڕێوەچوو
سویسرییەکان بەشدارییان لە گشتپرسییەکی تایبەت بە پرۆژەی قەدەخەکردنی داپۆشینی رووخساری ژنان لە وڵاتەکەیان کرد و راپرسییەکانی یەک هەفتەی بەر لە ئەنجامدانی گشتپرسییەکە ئەگەری شکستی پرۆژەکە پیشاندەدەن.

پرۆژەکە لەلایەن پارتی دیموکراتی ناوەندەوە خراوەتەڕوو کە پارتێكی نەتەوەپەرستی پەڕگیرە.

هەرچەندە لە پرۆژەکەدا باس لە پەچەی ژنە موسڵمانەکان نەکراوە، بەڵام لێدوانی بەرپرسانی پارتەکە و پۆستەری ریکلامی بڵاوکراوە بە دروشمی "ئیسلامی رادیکاڵی بوەستێنن" بە وێنەی ژنێك بە چەیەکی رەشەوە، دەریدەخات ئامانج لە پرۆژەکە راستەوخۆ ئەو پەچەیە کە بەشێك لە ژنانی موسڵمان بەکاریدەهێنن.

ئەگەر بێتو ئەنجامی گشتپرسییەکە بە قەدەخەکردنی داپۆشینی رووخساری ژنان بگات، ئەوا سویسرا دەچێتە پاڵ هەر پێنج وڵاتی فەرەنسا، نەمسا، بولگاریا، بەلجیکا و دانیمارک کە لەدوای چەندین ساڵ لە گفتوگۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی شەقام، پەچەیان قەدەخەکرد.

بەگوێرەی دەقی پرۆژەکە، هیچ ژنێك مافی نییە دەموچاوی بەتەواوەتی داپۆشێت و ئەو قەدەخەکردنەوەیەش شوێنە گشتییەکان و فرۆشگە و مۆڵەکان دەگرێتەوە، بەڵام شوێنەکانی نوێژ و نزاکردنیان لێ بەدەر دەکرێت و قەدەخەکردنەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە هۆکاری تەندروستی، یان هۆکاری پەیوەست بە کەشوهەوا یان دابونەریتە ناوخۆییە کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە.

پرۆژەکە لەلایەن ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی ژنانەوە رەتکرایەوە و ئیناس شێخ، گوتەبێژی کۆمەڵەی ملپێچە وەنەوشەییەکان تایبەت بە کاروباری ژنان بە پرۆژەیەکی رەگەزپەرست و لایەنگری لەڕووی سێکسییەوەی ناوی دەبات.

دوو رۆژ بەر لە ئێستا، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە سویسرا لە تویتەر راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای دەنگدانی بە "نەخێر" لەسەر پرۆژەکە کرد.

هاوکات بەرپرسی هەڵمەتی "بەڵێ" رایگەیاند، پرۆژەکە دژ بە موسڵمانان نییە، بەڵام ئەو ژنە موسڵمانانەی کە دژ بە ویستی خۆیان دادەپۆشرێن و بە زۆر بۆ سەربازی ئیسلامی سیاسی پەڕگیر دەگۆڕدرێن، مافی ئازادییان هەیە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "ناکرێت لە لایەک ئێمە باس لە یەکسانی بکەین و لە لایەکی دیکە شانازی بە هێمایەک بکەین کە ئەویش پەچەیە، ملکەچی و پەراوێزخستنی ژنان پیشاندەدات".
rudaw -
Top