ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد دەکات
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەدوای ئەوانەدا دەگەڕێن کە بەرپرسن لە هێرشەکە و "دواتر بڕیارێک دەردەکەین."
هێرشەکەی عەین ئەسەد هاوکات بوو لەگەڵ دانپێدانانی یەکێک لە تۆمەتبارەکانی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر لە 15ـی مانگی رابردووە. ئەو کەسە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە، لە دانپێدانەکانیدا دەڵێت، سەر بە کەتائیب سەید ئەلشوهەداء بووە.
بەرەبەیانی هەینی رابردوو، پێنتاگۆن بە فەرمانی جۆ بایدن وەڵامی هێرشەکەی سەر شاری هەولێری بە حەوت مووشەک دایەوە. گوتەبێژێکی پێنتاگۆن رایگەیاند، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەداءیان لە ناوچەی ئەلبوکەمال لەسەر سنووری عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە لانیکەم چەکدارێکی میلیشاکان کوژراوە و دووانی دیکەش برینداربوون، پێگەیەکی میلیشیاکانیش بە تەواوی خاپوور بووە. ئەمریکا دەڵێت، لەمەودوا بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ هێرشە موشەکییەکان دەکات.
جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "ئەمە پەرەسەندنێکی پڕ لە کێشەیە و ئەوە نییە کە خەڵک دەیانەوێ ببیبینن. گومان لەوەدا نییە، بەڵام لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە. با بزانین دەمانگەیێنێتە کوێ. ئەگەر پێویستی کرد جارێکی دیکە هێرش دەکەینەوە، کات و شوێنەکەش خۆمان دیاری دەکەین."
لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و دروستبوونی مەترسی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا، واشنتن دەستیکردووە بە کەمکردنەوەی پێگەی سەربازی لە وڵاتەکە، بەرپرسانی ئەمریکی دەیانەوێ وردەوردە خۆیان لە بەرپرسیارییەتی گەورە بەدوور بگرن و رۆڵە گەورەکە بدەن بە ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
ئەمریکا ژمارەی سەربازانی لە عێراق لە پێنج هەزارەوە بۆ نیوەی ئەو ژمارەیە کەمکردووەتەوە، ئیدارەی ترەمپ تەنانەت لە دوایین رۆژەکانی لە کۆشکی سپی هەرەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دەکرد لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکان.
مانگی رابردوو ناتۆ رازی بوو ژمارەی سەربازانی لە عێراق لە 500 سەربازەوە بۆ نزیکەی 5000 سەرباز زیاد بکات، دانیمارک کە ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشە، هاتووەتە دەنگ، دەڵێت، دوو سەربازیان لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەدبوون و هیچیان بەسەرنەهاتووە، بەڵام هێرشەکەی سەر بنکە ئاسمانییەکە جێگەی قبوڵکردن نییە
rudaw -
