لە هێرشێکدا لە سوێد 8 کەس برینداربوون
پۆلیسی سوێد رایگەیاند، کەسێک لە شاری "ڤێتلاندا"ی سوێد بە "چەکێکی تیژ" هێرشیکردوەتە سەر خەڵک و لە ئەنجامدا 8 کەس برینداربوون، کە برینی دوو کەسیان سەختە.
هەرزوو پۆلیس وەڵامی هێرشکارەکەی دایەوە و گوللەیەکی بە قاچییەوە نا و دواتر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەرکردنی برینەکەی.
پۆلیس رایگەیاند، هێرشکارەکە تەمەنی لە بیستەکاندایە و "چەکێکی تیژی" پێبووە، میدیای سوێدیش ئاماژەی بەوەکرد، مەبەست لە "چەکە تیژەکە" چەقۆیە.
سەرەتا پۆلیس رایگەیاند، وەک "هەوڵێک بۆ کوشتن"ی خەڵک لەگەڵ رووداوەکەدا مامەڵە دەکات، بەڵام دواتر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، وەک "تاوانێکی تیرۆریستیی گومانلێکراو" مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەو بارەوە بدرکێنێت.
دەزگا هەواڵگرییەکانی سوێد ئاماژە بەوە دەکەن، مەترسیی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی لە وڵاتەکەیاندا بەرزە. لە ماوەی دەیەی رابردوودا دووجار هێرش لەو وڵاتەی سکەندەنەیڤیە روویداوە.
لە کانوونی یەکەمی 2010دا کەسێک لەناوەڕاستی ستۆکهۆڵم خۆی تەقاندەوە و لە ئەنجامدا چەند کەسێک برینداربوون. لە نیسانی 2017یشدا کۆچبەرێکی بەرەچەڵەک ئۆزبەکستانی ئۆتۆمبێلێکی دزراوی کرد بە ناو خەڵکدا و لە ئەنجامدا 5 کەس کوژران. ئەو کۆچبەرە لە حوزەیرانی 2018دا سزای زیندانیی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندرا.
rudaw -
