فراکسیۆنی ئاکپارتی: لەگەڵ گەلەکەمان هەدەپە دادەخەین
جاهید ئۆزکان هەدەپەی تۆمەتبارکرد بەوەی سەرچاوەی دارایی شارەوانییەکان بۆ قەندیل دەنێرێت. ئەوە لە کاتێدایە تاوەکو ئێستا لە پرۆسەی دادگاییکردنی بەرپرسانی ئەو پارتە بە بەڵگە نەسەلمێنراوە کە شارەوانیی هەدەپە هاوکاریی دارایی خۆیان بۆ قەندیل ناردبێت.
میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە لە وەڵامی ئەو گوشارانە رایگەیاند کە رۆژەڤی ئەوان خەڵک و بێکاری و ئەو تاڵانەیە کە دەسەڵات دەیکات. سانجار هاوکات ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی ئاگادارکردەوە کە گوێ بەو گوشارانە نەدەن کە هەڕەشەی داخستنی هەدەپە دەکەن.
پێشتر سڕی ساکیک، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لەبارەی هەڕەشەکانی داخستنی پارتەکەی رایگەیاندبوو: "داخستنی پارت چارەسەر نییە، تاوەکو ئەمڕۆ 9 پارتمان داخراوە. ئێستا باس لە داخستنی دەیەمینیان دەکرێت. ئەگەر لە ئەلفوبێدا پیت نەمێنێت، پیت دەکڕین و پارتی نوێ دادەمەزرێنین، درێژە بە خەباتی سیاسیمان دەدەین".
لەم دواییانەدا پرسی داخستنی هەدەپە زوو زوو دەخرێتە رۆژەڤ و باسی لێوەدەکرێت. بەتایبەتی هەریەک لە پارتەکانی مەهەپە و وەتەن، گوشاری زۆر دروستدەکەن و داوادەکەن هەدەپە دابخرێت.
پارتی وەتەن بە سەرۆکایەتیی دۆغو پەرینچەک کە 0.23٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و هیچ کورسییەکی لە پەرلەماندا نییە، 4 جار داوای داخستنی هەدەپەی کردووە.
ئەم هەڵوێستەی ئاکپارتی هەدەپەی نیگەران کردووە، بەوەی پارتی وەتەن کە خاوەن 117 هەزار و 713 دەنگە، باس لە داخستنی سێیەم گەورە پارتی تورکیا بکات کە هەدەپەیە و خاوەنی پێنج ملیۆن و 866 هەزار و 309 دەنگە.
ئاکپارتی کە پێشتر بێدەنگیی لە بابەتی داخستنی هەدەپە دەنواند، ئێستا بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی هەڕەشەی داخستنی ئەو پارتە دەکات و دەڵێ؛ لە قۆناخی داهاتوودا دەبینن کە ئەو پارتە بە چەند قۆناخێک دادەخرێت.
جاهید ئۆزکان لەبارەی داخستنی هەدەپە دەڵێت: "ئەوانەی دەنگیان داوەتە هەدەپە، بۆ ئەوە دەنگیان نەداوە تا ئەو پارتە پشتی بە قەندیل ببەستێ، بەڵکو بۆ ئەوە بوو تا لەم وڵاتە بە برایەتی لە ئارامیدا بژین. هەر بۆیەش هەدەپە کاتێک لەڕووی سیاسییەوە دادەخرێت، لەڕووی یاساییشەوە دادەخرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جاهید ئۆزکان ئاماژە بەوە دەدات: "ئەمڕۆ ئەو 6 ملیۆن کەسەی دەنگیان بەو پارتە داوە بە تورک و کورد و لاز و چەرکەزەوە، ئەوان ئاشتییان ویست… ئێمە پەنا بەخوا لەگەڵ گەلەکەمان هەدەپە دادەخەین، گەلەکەمان ئیدی هیوای بەو پارتە نەماوە. 83 ملیۆن، هەم لەڕووی سیاسییەوە؛ لەسەر سندووق هەم لەڕووی یاساییەوە؛ لە چوارچێوەی دەستوور، ئارەزووی داخستنی هەدەپە دەکات".
لەلایەکی دیکەوە میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە رایدەگەیێنێت: "ئەوان چی دەکەن با بیکەن، با بەردەوام بن لەسەر پەلامارەکانیان و هەڕەشەی داخستنی پارتەکەمان بکەن و گفتوگۆ لەسەر داوانامەکانی پەرلەمان بکەن. بەڵام رۆژەڤی ئێمە خەڵکە، رۆژەڤی ئێمە کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵکە. بێکاری و نەبوونییە، نادادپەروەرییە، شەڕە، نەبوونی چارەسەرە، تاڵان و درۆیە!
هەروەها میدحەت سانجار دەشڵێت: "ئێمە بۆ ساتێکیش ئەمانە لە رۆژەڤ دەرناهێنن و لەمبارەیەوە تێکۆشانمان بەردەوامدەبێت و گوێ بۆ هیچ هەڕەشە و پروپاگەندەیەکی ئەوان هەڵناخەین. لێرەوە بانگەواز لە تەواوی کادیر و لایەنگر و دەنگدەرانمان دەکەم؛ بە هیچ جۆرێک گوێ بەو هەڕەشانە مەدەن. بەهاوکاریی پشتیوانیی گەل، هەمیشە توانای بەردەوامبوونمان لەم رێبازە هەیە".
rudaw -
