وەزیری بەرگریی ئیسرائیل : لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکەمان ئێران تاوانباری سەرەکییە
کەشتیی بارهەڵگری (ئێم وی هلیۆس ری) کە لەژێر چاودێریی کۆمپانیای (هلیۆس ڕی) کە بە ئاڵای باهاماوە لە نزیک دەریای عەمان بووە، بەربەیانی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو بە دوو مووشەک هێرشی کرایە سەر و زیانی زۆری بەرکەوت.
بنی گانتز لە لێدوانێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (کان) ڕای گەیاندووە: "ئێمە دەبێ لە لێکۆڵینەوەکانی خۆمان بەردەوام بین، بەڵام بێ هیچ گومانێک دەتوانین بڵێین کە ئێران لە هەوڵدایە تاکوو زیان بە ژێرخانەکانی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە بگەیەنێت".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش داوە: "لە کاتی هێرشەکەدا کەشتییەکەی ئیسرائیل نزیکی ئاوەکانی ئێران بووە و ئەمەش هەموو ئەگەر و گومانەکان کە تاران دەستی تێدایە، زیاتر دەکات".
لەمبارەوە کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلیش لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لەو باوەڕە دان کە سوپای پاسداران هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەشتییە بارهەڵگرە و لەو هێرشەدا دوو مووشەک بەکار هێندراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە بڕیارە کارناسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە ڕۆژدانی داهاتوودا سەردانی ئەو کەشتییە و شوێنی ڕووداوەکە بکەن.
ئاژانسی (ڕۆیتەرز)یش لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە کەشتییە ئیسرئیلییەکە ٢٨ سەرنشینی هەبووە، بەڵام کەس زیانی پێ نەگەیشتووە.
باسنيوز
