ئەمریكا لەبارەی مووشەکی بەرگریی S400وە وەڵامی داوایەکی توركیا ناداتەوە

ئەمریكا لەبارەی مووشەکی بەرگریی S400وە وەڵامی داوایەکی توركیا ناداتەوە
لەبارەی مووشەكی بەرگریی S400، كە توركیا لە ڕووسیای كڕیوە و ئەمریكای نیگەران كردووە، توركیا نامەیەكی بۆ ئەمریكا ناردووە و داوای كردووە، ئەو گرژییانەی لەبارەی S400وە پێش هاتوون، كۆتایی پێ بهێنن، بەڵام ئەمریكا وەڵامی نامەكەی نەداوەتەوە.

خلووسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا، پێیوایە ئەو كێشەیەی لە نێوان توركیا و ئەمریكا لەبارەی S400وە دروست بووە، دەكرێت لەڕووی تەكنیكییەوە چارەسەر بكرێت.

ئاكار لە كاتی بەشداری لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە منداڵانی سەربازە كوژراوەكانی قەیسەری، گوتی: "بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان لەگەڵ ئەمریكا لەبارەی S400 نامەیەكمان بۆ ئەمریكا ناردووە، بەڵام تاكوو ئێستا وەڵامی نامەكەمان نەدراوەتەوە. ئێمە بۆ پاراستنی سنووری خۆمان، داوامان لە ئەمریكا كرد تا سیستەمی بەرگری پاتریۆتمان پێ بفرۆشێت، بەڵام گوتیان گونجاو نییە. داوامان لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا كرد تا مووشەكی بەرگریی (SAMP_T)مان پێ بفرۆشێت و ئەوانیش ڕەتیان كردووە، بۆیە روومان لە رووسیا كرد".

لە درێژەی قسەكانیدا دووپاتی كردووەتەوە، مووشەكی بەرگریی S400 تەنیا ئەوكاتانە بەكار دەهێنرێت كە توركیا بكەوێتە مەترسییەوە، لەوە زیاتر زیانی بۆ هیچ لایەنێك نابێت.






باسنیوز
Top