لێکۆڵینەوەیەک: پێویستە ئەمریکا گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات

لێکۆڵینەوەیەک: پێویستە ئەمریکا گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات
لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی دەڵێت، پێویستە ئەمریکا گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆی بەرامبەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی راند، کە پەیمانگەیەکی توێژینەوەی ئەمریکییە و لە ساڵی 1948ـەوە دامەزراوە و توێژینەوە لە بواری سیاسەت و سەربازیدا دەکات، لە نوێترین توێژینەوەی خۆیدا بەو ئەنجامە گەیشتووە، تاوەکو ئێستا سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە لایەنی سەربازی دەبەستێت و سەرنجی لەسەر هەڕەشەکانی ناوچەکەیە، بەتایبەتی "هەڕەشەی ئێران" و ئامانجی ئەو سیاسەتەش ئەوە بووە کە وڵاتانی ناوچەکە لە بەرەی خۆیدا بهێڵێتەوە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی راند پێیوایە ئەو جۆرە سیاسەتە کە ماوەیەکی زۆرە جێبەجێ دەکرێت، شکستی بەرچاوی هێناوە لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و خۆگونجاندنی ئەو وڵاتە لەگەڵ بارودۆخ و پێداویستییە نوێیەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست .

ناوەندە ئەمریکییەکە کە لەلایەن حکومەت و کەرتی تایبەتی ئەمریکاوە پشتگیریی دارایی دەکرێت، پێشنیاز دەکات ئەمریکا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و کەمکردنەوەی ململانێکانی ناوچەکە و هۆکارەکانیان بکاتە چەقی ستراتیژیی خۆی.

ناوەندەکە روونیدەکاتەوە کە گۆڕینی ستراتیژیی ئەمریکا پێویست بەوە دەکات ئەو وڵاتە سەرنجێکی زیاتر بخاتە سەر چارەسەرکردنی ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەی کە هۆکاری ئابوورییان لەپشتە (واتە کێشە سۆسیۆ ئیکۆنۆمیکیەکان) کە بوونەتە هۆی دروستبوونی گوشارێکی یەکجار زۆر لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و دەردەسەریی گەورە بۆ خەڵکەکەی.

توێژەرەکانی ناوەندی راند کۆمەڵێک رێگەیان پێشنیاز کردووە بۆئەوەی ئەمریکا بەکاریان بهێنێت تاوەکو ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە لە سەرەوە باسکران، لەوانەش بەکارهێنانی رێگەی سیاسی، ئەمنی، ئابووری، دیپلۆماسی و ئاڵۆگۆڕی زانیاری، هەروەها روونیشیکردووەتەوە کە چۆن واشنتن دەتوانێت ئەو ئامرازانە بە لەبەرچاوگرتنی سەرچاوە سنووردارەکانی نێوخۆی خۆی بەکاربهێنێت.

توێژەرەکانی راند ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە ئەمریکا دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ وڵاتە یار و نەیارەکانی لە دەرەوە و ناوەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات بۆئەوەی سیاسەتەکەی لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ناوچەکەدا بشكێتەوە.

لەپێناو ئەو ئامانجەدا، لێکۆڵینەوەکە پێشنیاز دەکات ئەمریکا کۆمەڵێک رێکار بگرێتەبەر کە دەتوانرێت لەم سێ خاڵەی خوارەوەدا کورتبکرێنەوە:

یەکەم: گۆڕینی سەرچاوەی سیاسەتەکەی، لەم کاتەدا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە هۆکاری سەربازی دەبەستێت بۆ سەرچاوەیەکی هاوسەنگتر کە وەبەرهێنانی ئابووری، کارگێڕی، دیپلۆماسی و ئەو بەرنامانەی کە سەرنجیان لەسەر خەڵکە، گرنگیی هەرە زۆریان پێبدرێت.

دووەم: گرنگیدان بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ کەمکردنەوەی ململانێکانی ناوچەکە و هاندانی گەشەی ئابووری و بەرەوپێشچوونی هەمەلایەنانە، تەنانەت ئەگەر ئەم هەنگاوە مەترسیی کورتخایەنیشی هەبێت.

سێیەم: کارکردنی فرەلایەنانە لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە سەرەکییەکان.

ئەنجامە سەرەکییەکانی توێژینەوەی راند:

یارمەتیی ئەمریکا بۆ وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەندە بە پێشینەی پەیوەندییەکانیان:

• ئەو مەترسییانەی لێکەوتەی پەیوەندییەکانی ئێستای ئەمریکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، وا دەرناکەون بە باشی لەبەرچاو گیرابن.

• تەنیا سێ وڵات کە بریتین لە ئیسرائیل، میسر و ئوردن توانیویانە لە هەموو جۆرە یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە سوودمەندبن.

* سیاسەتی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەیارەکانی و کەمکردنەوەی هۆکاری ململانێ وەکو پێویست باش نەبووە

• سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران، بەتایبەتیش کردارە تاکلایەنەکان سەرکەوتوو نەبوون لە گرتنەدەستی جڵەوی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و "چالاکییە تێکدەرەکانی" لە ناوچەکە.

• کۆتوبەندکردنی "میلیشیا شیعەکان" پێویستی بە بەهێزکردنی هێزە ئەمنییە یاساییەکانە لەو ناوچانەی ئەو "میلیشیایانە" لێیان چالاکن.

• رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و کۆنترۆڵکردن، بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە گرووپە پەڕگیرانە پێویستی بە چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەیە کە دەبنە هاندەری خەڵک لە بەئەندامبوون و پشتیوانیکردن لێیان.

• دەکرێت هەژموونی چین و رووسیا لە ناوچەکە زیادبکات، ئەگەر بێتو ئەمریکا ستراتیژیەتی خۆی بەرامبەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێکبخاتەوە، بەڵام هەردوو وڵاتەکە رووبەڕووی بەربەست دەبنەوە و هەژموونەکەیان لە سنوورێک دەوەستێت؛ ئەمریکاش هەندێک سوودی ئابووری و ئەمنی لەوەوە دەستدەکەوێت.

• رووسیا، چین و ئەمریکا، هەرسێکیان بەرژەوەندییان هەیە لە گەشەی ئابووریی ناوچەکە، کەمبوونەوەی تیرۆر و نەبوونی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ پێکەوە کارکردنیان.

* پشتبەستن بە ئامرازی سەربازی بۆ سەپاندنی باڵادەستی، ململانێ هەرێمییەکانی زیاترکردووە وەکو لەوەی کەمیان بکاتەوە

• یارمەتیی سەربازیی ئەمریکا بۆ ناوچەکە زۆر لە یارمەتیی ئابووری زیاتر بووە.

• وێڕای ئەو هاوکارییە بەرچاوەی ئەمریکا لەڕووی سەربازی و ئەمنییەوە پشێكێشی کردووە، ناوچەکە لە ململانێدا پەنگی خواردووە.

• هەبوون و جێبەجێکردنی هەڵسەنگاندنێکی ورد و درشت بۆ بەرنامەکانی هاوئاهەنگیکردن لە بواری ئەمنی پێویستن.

راسپاردەکانی لێکۆڵینەوەکە:

• ئەمریکا دەتوانێت چاکسازی لە یارمەتییە ئەمنییەکانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، ئەوەش لەڕێگەی کەمکردنەوەی فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو و زیادکردنی فرۆشتنی کەرەستەی سەربازی کە بۆ مەبەستی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەکاردێن، هەروەها لەڕێگەی کەمکردنەوەی جیاوازی لەنێوان وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و ئەو سێ وڵاتەی کە بەشی هەرە زۆری یارمەتییەکانی ئەمریکا وەردەگرن (ئیسرائیل، میسر و ئوردن).

• ئەمریکا دەتوانێت چاوخشاندنەوە بە دابەشبوونی سەربازەکانی لە ناوچەکەدا بکات بۆئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ تێچوو و قازانجی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی لە ناوچەکەدا بکات کە لەم کاتەدا ژمارەیان گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی.

• ئەمریکا دەتوانێت سەرنجی خۆی بخاتە سەر ئەو وەبەرهێنانەی کە سوودەکەی بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕوات، ئەوەش لەڕێگەی زیاتر کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بواری پرسەکانی وەکو تەندروستی، بێکاریی گەنجان و گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها لەڕێگەی لابردنی قەدەخەی گەشتکردن، تیشکخستنەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاوارە و پەنابەران، هەموو ئەمانە بە بەکارهێنانی ئەو بەرنامە و شێوازانەی کارکردن کە سەرکەوتووییان سەلمێندراوە.
-
• ئەمریکا دەتوانێت پەرە بە گەشە و بەیەکەوەگرێدانی ئابووریی ناوچەکە بدات لەڕێگەی پێشخستنی چاکسازیی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی تایبەت، بەڵێندەرایەتییە بچووکەکان و ئەو دەستپێشخەرییانەشی کە دەبنە هۆی زیادبوونی هەلی کار و بەرهەم.

• ئەمریکا دەتوانێت خۆی بە میکانیزمێکی فرەلایەنانەوە پابەندبکات بۆ هەڵسوڕاندنی دیپلۆماسییەکەی و کەمکردنەوەی ململانێ لە ناوچەکە، ئەوەش لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی دانوستاندنی ئاشتی لەنێوان وڵاتانی کەنداو و ئێران، هەروەها لەڕێگەی دروستکردنی سەکۆیەکی ئەمنیی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەردەوامیدان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش بە زیادکردنی سەرنج لەسەر بەرەنگاربوونەوەی بیری پەڕگیری.

• پێویستە ئەمریکا خۆی لە رکابەرایەتییەکی هاوشێوەی جەنگی سارد بەدوور بگرێت و هەوڵنەدات بەو شێوەیە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کارکردن لەگەڵ رووسیا و چین دووربخاتەوە، لەکاتێکدا پێکەوە کارکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو دوو وڵاتە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەگەیەنێت.
k24
Top