تاران رەتی دەکاتەوە لە بارەی زیندانییە ئەمریکییەکان گفتوگۆی "راستەوخۆ" لەگەڵ واشنتن کرابێت

تاران رەتی دەکاتەوە لە بارەی زیندانییە ئەمریکییەکان گفتوگۆی
لە بارەی ئەو ئەمریکییانەی لە ئێران بەندکراون، سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە تاران هیچ گفتوگۆیێکی راستەوخۆی لەگەڵ واشتنن نەکردووە.

پێشتر جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە لە بارەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە تاران دەستبەسەر کراون، ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستی بە دانوستاندن کردووە.

بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوە رەت دەکاتەوە دەڵێت: "ئەو هەواڵە راست نییە و هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە بارەی هیچ شتێکەوە نەکراوە. کاری لەپێشینەمان ئازادکردنی ئەو بەندکراوە ئێرانییانەیە کە لە ئەمریکان."

ئەو بەرپرسە ئێرانییە باس لەوە دەکات کە ئەو دانوستاندنانەی کراون لە رێگەی باڵیۆزخانەی سویسراوە بووە.

جەیک سولیڤان ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی ئاشکرا نەکرد کە لە ئێران بەندکراون، بەڵام بە گوێرەی میدیای ئەمریکی پێنج کەسن.
rudaw -
Top