ئیسرائیل: ڤاکسینی فایزەر نزیکەی 99٪ کاریگەرە

ئیسرائیل: ڤاکسینی فایزەر نزیکەی 99٪ کاریگەرە
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند، بەپێی ئەو داتایەی لە وەرگرتنی ڤاکسین و توێژینەوەی دوای کوتانی خەڵک بە ڤاکسین کۆیان کردووەتەوە، دەرکەوتووە ڤاکسینی فایزەر-بایۆنتیک بە رێژەی 98.9٪ کاریگەریی هەیە لە رێگەگرتن لە مردن یان تووشبوون بە نیشانەی قورسی ڤایرۆسەکە کە وابکات تووشبوو رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت.

هەروەها لەبارەی کاریگەریی ڤاکسینەکەوە لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون لە وڵاتەکەیدا، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، بە رێژەی 95.8٪ رێگری لە تووشبوون دەکات، ئەوەیش بە وەرگرتنی داتای تایبەت بەوانەی کە هەردوو ژەمەکەی ڤاکسینیان وەگرتووە.

لەنێو ئەوانەیشدا کە ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە، لە کاتی تووشبووندا رووبەرووی نیشانەی قورسی وەک هەناسەتەنگی یان تا نەبوونەتەوە.

بەلایەنی کەمەوە 49٪ی دانیشتووانی ئیسرائیل ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.

لە سەرەتای ئەمساڵیشدا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە دا، هەوڵ دەدەن تا کۆتایی مانگی ئادار کۆی ئەوانەی لە ئیسرائیل پێویستیان بە ڤاکسینە، ڤاکسینیان پێبگات جگە لە منداڵ و ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 16 ساڵەوەیە.
rudaw -
Top