بلینکن: ئەمریکا دەیەوێت رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بەهێز و درێژ بکاتەوە
رۆژی دووشەممە 2021/02/22 نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسێکی لە بارەی داماڵینی چەک سازدا و تێیدا گوتارێکی تۆمارکراوی ئەنتۆنی بلینکن پێشکێش کرا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "هێشتا ئەمریکا پابەندە بەوەی کە نابێت هەرگیز ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات؛ دیپلۆماسی باشترین رێگەی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەیە."
بلینکن ئەوەیشی بیرهێنایەوە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر گوتوویەتی کە ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ "پابەندبوونی تەواوەتی" بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە ئیدارەکەیشی هەمان شت دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "بە کارکردن لە گەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان هەوڵ دەدەین کە رێککەوتنی ئەتۆمی درێژ بکەینەوە و بەهێزی بکەین و رووبەڕووی پرسە نیگەرانکەرەکانی دیکەش ببینەوە، لە نێویشیاندا مامەڵە تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوچەکە و پرۆگرامی مووشەکی بالیستی و پیتاندنی یۆرانیۆم."
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ تاراندا رێککەوتوون تا سێ مانگی دیکەیش رێگە بە پشکنەرەکانیان بدرێت چاودێریی چالاکییەکانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن.
ئەنتۆنیۆ بلینکن باس لەوەش دەکات کە پێویستە ئێران پابەندبوونی بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئەرکە نێودەوڵەتیەکانی جێبەجێ بکات.
rudaw -
