عەممار حەکیم: داوای رێککەوتنێکی گشتگیر و دادپەروەرانەتان لێدەکەم لەگەڵ بەغدا

عەممار حەکیم: داوای رێککەوتنێکی گشتگیر و دادپەروەرانەتان لێدەکەم لەگەڵ بەغدا
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی داوا لە هەولێر دەکات رێککەوتنێکی دارایی، ئابووری، گشتگیر و دادپەروەرانە لەگەڵ بەغدا بکەن. هاوکات سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری کرد و گوتی "ئاسایشی کوردستان و عێراقی کردە ئامانج".

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی شوباتی 2021 رێوڕەسمی "شەهیدی نیشتمان" لە هەولێر بەبۆنەی 18ـەمین ساڵیادی شەهیدکردنی محەممەد باقر حەکیم بەڕێوەچوو، کە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و هاوپەیمانیی عێراقیون ئامادەی بوو، ئاماژەی بەوە کرد "لێرەوە بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرە مووشەکییانەی ئەم دواییەی سەر شاری هەولێر دەکەین، کە ئاسایشی کوردستان و عێراقی کردە ئامانج".

شەوی دووشەممە 15ی شوباتی 2021 هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر هەولێر، بەهۆیەوە بەڵێندەرێک کوژرا و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون، کە یەکێکیان سەربازی ئەمریکی بوو.

سەبارەت بە ئابووریی عێراق سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئەوەی خستەڕوو "ئابووریی عێراق پێویستی بە ئابوورییەکی تەواوە، خۆی لە یەکخستنی دیدگە و سەرچاوەکان و دادگەری لە دابەشکردنیان دەبینێتەوە. ناکرێت قبووڵی پلانی ئابووریی تاک سەرچاوەیی بکەین؛ دووپاتیدەکەینەوە کە پارەدارکردنی بودجەی عێراق بەرپرسیارێتیی هەمووانە و هەمووانیش پێویستیان پێیەتی".

عەممار حەکیم دەڵێت، هەموو عێراقییەکان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن وەک ئەوەی دەستوور پەسندی کردووە، باسی لەوەش کرد "لێرە بە درووشم و پەرچەکردار قسە ناکەم، بەڵکو بە زمانی چارەسەری گشتگیرانە قسە دەکەم، کە جێگەی رەزامەندیی هەمووان بێت بۆئەوەی ئاسایش و ئابووریمان یەکبخەین؛ هەموو مافی رەوایان پارێزراوبێت. پێموایە، ئەوەی ساڵانە لەو دانوستاندنانەی لەبارەی بودجە، نەوت و دەروازە سنوورییەکان هەیە، بووەتە ئاستەنگ و گرفت و بێزارکردنی هاووڵاتیی عێراقی بە عەرەب و کوردەوە و وایکردووە هاووڵاتی بە ترس و دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی بژێوی و ئاسایشی ئابوورییان بکەن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی گوتی "داوای رێککەوتنێکی دارایی، ئابووری، گشتگیر و دادپەروەرانەتان لێدەکەم لەگەڵ بەغدا، کە کۆتایی بەو مشتومڕە بهێندرێت لەڕێگەی ئەو بەندانەی مافی هەمووان دەپارێزێت؛ گرنگە هەستیارییەکان کۆتاییان پێبهێندرێت و بەرپرسیارێتیی هەمووانیش دیاریبکرێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی "شەهیدی نیشتمان" بە ئامادەبوونی عەممار حەکیم، رایگەیاند، كێشەی سەرەكیی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنیەوە "نەبوونی شەراكەت و هاوبەشی بووە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق دا لە بەڕێوەبردنی عێراق دا، لەبەرئەوەش عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بەبێ كێشە نەبووە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆیەكی جیددی راشکاوانە بكەین بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی عێراق، لێرەشەوە لەو یادە پیرۆزەدا ئەو بانگەوازە ئاراستەی هەموو لایەنە عێراقییەكان دەكەین كە دەستپێبكەین".

رۆژی شەممە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەردانێک گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە یەکەمین وێستگەی سەردانەکەیدا چووە سلێمانی و رایگەیاند "دەبێت خەڵكی هەرێـمی کوردستانیش بێ کێشە مووچەکانیان وەربگرن و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵدەدەن مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بودجە جێگیر بکرێت".

هاوکات سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبوونەوەی ئەنجامدا.

rudaw -
Top